Accessibility links

قەتەڕ دەڵێت وەڵامەکەی حەماس سەبارەت بە ڕێککەوتنە پێشنیارکراوەکە ئەرێنی بووە


ڕۆژی سێشەممە قەتەڕ ڕایگەیاند حەماس وەڵامێکی " ئەرێنی " هەبووە سەبارەت بەو ئاگربەستە پێشنیارکراوەی کە دەبێتە هۆی ئازادکردنی بارمتەکان و لە بەرامبەریشدا وەستاندنی شەڕەکەی ناو غەززە، ئێستاش وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لەگەڵ ئیسڕائیلدا تاوتوێی ئەو بابەتە دەکات.

هەریەک لە قەتەڕ و ئەمەریکا و میسڕ پێشنیاری ڕێککەوتنێکی ئاگربەستییان کردووە کە تێیدا شەڕەکەی ناو غەززە دەوەستێنرێت و ئەو بارمتانە ئازاد دەکرێن کە لەلایەن حەماسەوە گیراون.

سەرۆک وەزیری قەتەڕ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئەلثانی دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ بلینکندا لە دەوحە وتی " وەڵامێکمان لە حەماسەوە وەرگرتووە سەبارەت بە چوارچێوەی گشتی ڕێککەوتنەکەی پەیوەست بە بارمتەکانەوە. لە وەڵامەکەدا چەند تێبینییەکییان هەبووە، بەڵام بە گشتی وەڵامەکە ئەرێنییە."

سەرۆک وەزیری قەتەڕ کە هەفتەیەک لەمەوبەر بەشداری گفتوگۆکانی کرد لەگەڵ ئەمەریکا و میسڕ و ئیسڕائیلدا لە پاریس، کە لە ئەنجامدا ئەو پێشنیارە دروست بوو، وتی " گەشبینە " بەڵام ڕەتی کردەوە باس لە وردەکارییەکانی وەڵامەکەی حەماس بکات، هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ " هەستیاریی هەلومەرجەکە."

لەلایەن خۆیەوە حەماس پشتڕاستیکردەوە کە وەڵامەکەی ڕەوانەی میسڕ و قەتەڕ کردووە.

بلینکن کە لە مانگی 10 ەوە ئەمە پێنجەمین جارە سەردانی ناوچەکە بکات، وتی ڕۆژی چوارشەممە لەگەڵ ئیسڕائیلدا تاوتوێی ڕێککەوتنە پێشنیارکراوەکە دەکات.

بلینکن وتی " هێشتا کاری زۆر ماوە بکرێت. بەڵام باوەڕمان وایە ڕێککەوتنەکە ڕێی تێدەچێت و بێگومان گرنگە، بەردەوامیش دەبین لە کارکردن بە شێوەیەکی ماندونەناسانە بۆ بە دەستهێنانی."

بلینکن وتی ڕێککەوتنەکە دەبێتە هۆی " درێژبوونەوەی ماوەی هێمنی و ئازادکردنی بارمتەکان و یارمەتی مرۆیی زیاتر."

وتی " ئەوە بێگومان سوودی بۆ هەمووان دەبێت، پێشم وایە ئەوە باشترین ڕێگەیە بۆ پێشەوە."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG