Accessibility links

قەتەڕ: پێشنیاری ئاگربەستی غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان دەنێردرێن بۆ حەماس


سەرۆک وەزیر و وەزیری دەرەوەی قەتەڕ شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئەل ثانی
سەرۆک وەزیر و وەزیری دەرەوەی قەتەڕ شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئەل ثانی

سەرۆک وەزیری قەتەڕ ڕایگەیاند چوارچێوەیەکی کار بۆ ڕاگرتنی شەڕەکەی ناو غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان دەنێردرێت بۆ حەماس، ئەمەش دوای کۆبوونەوەکان لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا و ئیسڕائیل و میسڕدا.

قەتەڕ لەگەڵ ئەمەریکا و میسڕدا ڕابەرایەتی هەوڵەکانی نێوەندگرییان کردووە لە جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسدا. سەرۆک وەزیری قەتەڕ شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئەل ثانی لە بۆنەیەکدا لە واشنتن وتی " بەرەوپێشچوونێکی باش کراوە " لە ماوەی گفتوگۆکاندا لە پاریس.

سەرۆک وەزیرەکەی قەتەڕ کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەڕێوبەری دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکا بیڵ بێرنس و بەرپرسانی هەواڵگری میسڕدا پشتڕاست کردەوە، وتی گفتوگۆکان بە چوارچێوەیەکی کار کۆتاییان هاتووە بۆ ئاگربەستێکی قۆناغ بە قۆناغ کە پێدەچێت لە قۆناغی یەکەمدا بارمتە ژن و منداڵەکانی تێدا ئازاد بکرێت و یارمەتی مرۆیی زیاتر بگەیەندرێتە غەززە.

وتی " لایەنەکان هیوادارن ئەم پێشنیارە بنێردرێت بۆ حەماس و وایان لێبکەن کاردانەوەیەکی ئەرێنییان بۆ پڕۆسەکە هەبێت."

شێخ محەمەد وتیشی حەماس پێش گفتوگۆکانیش " داوایەکی ڕوونی " هەبووە بۆ " ئاگربەستێکی هەمیشەیی "، ئەم پێشنیارەی ئێستاش کە هەیە ڕەنگە " لە داهاتوودا ببێتە هۆی ئاگربەستێکی هەمیشەیی. "

ئیسڕائیل دەڵێت نزیکەی 132 بارمتە لە کۆی ئەو 250 بارمتەیەی کە حەماس لە هێرشەکانی 7 ی مانگی 10 دا ڕفاندوونی هێشتا لە غەززە ماونەتەوە، بە لاشەی مردووی لانیکەم 28 بارمتەشەوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG