Accessibility links

قەتەڕ باڵیۆزی وڵاتەکەی بۆ سعودیە دەستنیشان دەکات


شازادە شێخ تەمیم بن حەمەد ئال ثانی
شازادە شێخ تەمیم بن حەمەد ئال ثانی

لە ئاماژەیەکی نوێدا لەسەر باشبوونی پەیوەندییەکانی نێوانیان دوای ئەوەی سعودیە و هاوپەیمانەکانی لەم ساڵدا ڕێکەوتن لەسەر کۆتایی هێنان بە ململانێکانیان لەگەڵ دەوحەدا، شازادە شێخ تەمیم بن حەمەد ئال ثانی قەتەڕ باڵیۆزی وڵاتەکەی بۆ سعودیە دەستنیشانکرد.

لە ناوەڕاستی ساڵی 2017 دا هەریەک لە سعودیە و ئیماڕات و میسڕ و بەحرەین سەرجەم پەیوەندییەکانیان لەگەڵ قەتەڕدا بڕی و بە تۆمەتی پشتیوانیکردن لە تیرۆر تۆمەتبارییان کرد، دەوحەش ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردۆتەوە.

بەڵام لە مانگی یەکی ئەم ساڵدا چوار وڵاتەکە بڕیاریاندا کۆتایی بە ململانێکانیان لەگەڵ قەتەڕدا بهێنن و دووبارە پەیوەندییە سیاسی و بازرگانیەکان لەگەڵیدا دەستپێبکەنەوە.

هەریەک لە سعودیە و میسڕ پەیوەندییە دیبلۆماسیەکانیان لەگەڵ قەتەڕدا دەستپێکردۆتەوە، بەڵام بەحرەین و ئیماڕات هێشتا ئەو کارەیان نەکردووە.

دیوانی شازادەی قەتەڕ لە بەیاننامەیەکدا وتی بڕیارێکیان دەرکردووە سەبارەت بە " دەستنیشانکردنی بەڕێز بەندەر محەمەد عەبدوڵا عەتیە وەکو باڵیۆزی وڵاتەکە لە شانشینی عەرەبی سعودیە."

پێشتر عەتیە وەکو باڵیۆزی قەتەڕ لە کوەیت کاریکردووە کە ئەو وڵاتە نێوەندگری کرد لە ململانێکانی نێوان وڵاتانی کەنداودا.

مانگی ڕابردووش قەتەڕ باڵیۆزی خۆی لە میسڕ دەستنیشانکرد، میسڕیش لە مانگی شەشدا هەمان هەنگاوی گرتەبەر و باڵیۆزی خۆی لە قەتەڕ دەستنیشانکرد.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG