ئەمانەی خوارەوە بەشێک لە کاردانەوەکانن لەسەر کوژرانی فەرماندەی هێزی قودسی سەر بە سوپای پاسداران قاسم سولەیمانی لە هێرشێکی ئاسمانی ئەمەریکادا لە بەغداد.
سیناتۆری ئەمەریکی دیموکراتەکان کریس مێرفی کە ئەندامی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکایە وتی " سولەیمانی دوژمنی ئەمەریکا بوو بەڵام کوشتنی ئەو ئەمەریکییەکان زیاتر دەخاتە مەترسییەوە."
وتیشی " یەکێک لەو هۆکارانەی کە بەرپرسانی سیاسیی بیانی ناکوژین ئەوەیە کە پێمان وایە لەم جۆرە کارانە ژمارەی کوژراوانی ئەمەریکی زیاد دەکات نەک کەمی بکات. پێویستە ئەمە جێی نیگەرانی سەرەکیمان بێت."
نوێنەری پێشووی ئەمەریکا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان نیکی هەیڵی وتی " قاسم سولەیمانی تیرۆریست بوو، دەستی سووربووە بە خوێنی ئەمەریکییەکان. دەبێت هەموو ئەوانەی کە هەوڵ بۆ ئاشتی و دادپەروەری دەدەن مردنی ئەویان پێخۆش بێت. شانازی بە سەرۆک ترامپەوە دەکەم ئەم هەنگاوە ڕاستەی ناوە."
سەرکردەی پێشووی سوپای پاسدارانی ئێران موحسن ڕەزائی وتی " قاسم سولەیمانی چووەوە بۆ لای برا شەهیدەکانی، تۆڵەیەکی بە زەبر لە ئەمەریکا دەکەینەوە."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز