Accessibility links

پوتن دەگاتە چین و لەگەڵ سەرۆکی ئەو وڵاتەدا کۆدەبێتەوە


سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتن و سەرۆکی چین شی جین پینگ
سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتن و سەرۆکی چین شی جین پینگ

سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتن گەیشتە پەکینی پایتەختی چین و لەگەڵ سەرۆکی ئەو وڵاتە شی جین پینگدا کۆبۆوە، ئەوەش بەرلە دەستپێکردنی مەراسیمی کردنەوەی ئۆڵۆمپیادی پەکین.

سەرەڕای ئەوەی چین و ڕووسیا پێکەوە لە هاوپەیمانێتیەکی فەڕمیدا نین، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا هەردوو وڵات هەوڵیانداوە پەیوەندییەکی نزیکترییان هەبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی ئەمەریکا.

چین پشتیوانی لە ڕووسیا دەکات، تەنانەت لەکاتێکیشدا مۆسکۆ زیاتر لە 100,000 سەربازیی لەسەر سنوورەکانی ئۆکرانیا جێگیرکردووە.
شیکەرەوە سیاسییەکان دەڵێن هاریکارییەکانی نێوان ڕووسیا و چین پێدەچێت لەسەر ئەمەریکای قورس بکات سزا بەسەر مۆسکۆدا بسەپێنێت لە حاڵەتێکدا ئەگەر ڕووسیا ئۆکرانیا داگیر بکات.

هەروەها زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ڕووسیا و ئەمەریکا پێدەچێت ببێتە هۆی ئەوەی سەرنجی سەرۆکی ئەمەریکا بەلای چیندا لاببات، کە پێشتر وتوویەتی چین سەرەکیترین ئەرکمانە لە سیاسەتی دەرەوەماندا.
بەپێی پەکین، ئەمە 38 هەمین کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتن و سەرۆکی چین شی جین پینگ دەبێت.

لەمیانەی کۆبوونەوەکەیاندا لە پەکین، سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتن بە سەرۆکی چینی وت مۆسکۆ گرێبەستێکی نوێی گازی بۆ چین ئامادە کردووە.

ڕووسیا کە لەڕووی هەناردەکردنی هایدرۆکاربۆنەوە گەورەترین وڵاتە و سێیەم وڵاتیشە لە دابینکردنی گازی چیندا، پەیوەندییەکانی لەگەڵ چیندا بەهێزتر کردووە.

پوتن بە شی وت " شارەزایانی سوتەمەنیمان گرێبەستێکی زۆر باشیان سەبارەت بە هەناردەکردنی هایدرۆکاربۆن بۆ چین ئامادەکردووە."

وتیشی " هەروەها هەنگاوێکیش لە پیشەسازی گازدا بەرەو پێشەوە نراوە ، مەبەستم لە گرێبەستێکی نوێیە کە ساڵانە 10 ملیار مەتر موڕەبەع لە گاز لە ڕۆژهەڵاتی ڕووسیاوە ڕەوانەی چین دەکرێت."

لە ساڵی 2021 دا ڕووسیا 10.5 ملیار مەتر موڕەبەع گازی لەڕێی بۆری گازی سایبیریاوە ڕەوانەی چین کردووە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا، ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG