Accessibility links

پوتن ئامادەی کۆبوونەوەکەی کۆمەڵەی بیست نابێت لە هیندستان


سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا بە سەرۆک وەزیری هیندستان نرێندر مۆدی وت ڕووسیا لەلایەن وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەوە نوێنەرایەتی دەکرێت لە ماوەی کۆبوونەوەکەی کۆمەڵەی بیستدا لە نیودەلهی، هاوکات دوو سەرۆکەکە تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکەشییان کردووە.

دوو سەرۆکەکە باسییان لە پلانەکانیش کردووە بۆ فراوانکردنی گروپی بریکسی ئابووری، کە هەریەک لە وڵاتانی وەکو هیندستان و ڕووسیا و چین و بەڕازیل و ئەفریکای باشوور لەخۆدەگرێت.

هەفتەی ڕابردوو مۆدی و پوتن بەشدارییان لە کۆبوونەوەکەی بریکس کرد لە ئەفریکای باشوور، بەڵام پوتن لەڕێی پەیوەندییەکی ڤیدیۆییەوە بەشداریکرد، ئەوەش بەهۆی ئەوەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکردووە، بە تۆمەتی تاوانی جەنگ لە ئۆکرانیادا.

کرێملن کە بە توندی تۆمەتەکانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی ڕەت دەکاتەوە، وتوویەتی پوتن ئامادەی کۆبوونەوەکەی کۆمەڵەی بیستیش نابێت، کە بڕیارە مانگی داهاتوو لە هیندستان بەڕێوەبچێت.

حکومەتی هیندستان لە بەیاننامەیەکدا وتی پوتن بە مۆدی وتووە ڕووسیا لەلایەن وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤەوە نوێنەرایەتی دەکرێت.

وتی " لە کاتێکدا کە لە بڕیارەکەی ڕووسیا تێگەیشتووە، سەرۆک وەزیر سوپاسی سەرۆک پوتنی کردووە بۆ پشتیوانی بەردەوامیی ڕووسیا بۆ سەرجەم دەستپێشخەرییەکان لە ژێر سەرۆکایەتی کۆمەڵەی بیستی هیندستاندا."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG