Accessibility links

پوتن بۆ ڕۆژئاوا: ڕووسیا توندتر لە ئۆکرانیا دەدات ئەگەر موشەکی مەودا درێژ بدرێت بە ئۆکرانیا


سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن
سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن

دەزگای هەواڵی تاسی ڕووسی بڵاویکردەوە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن هۆشداری داوەتە ڕۆژئاوا و دەڵێت ڕووسیا هێرش دەکاتە سەر ئامانجی نوێ لە ئۆکرانیا ئەگەر ئەمەریکا دەستبکات بە ڕەوانەکردنی موشەکی مەودا درێژ بۆ ئۆکرانیا.

دەزگاکە لە زاری پوتنەوە بڵاویکردەوە " ئەگەر ئەو جۆرە موشەکانە دابین بکرێن ئەوا هێرش دەکەینە سەر ئەو ئامانجانەی کە تاوەکو ئێستا لێمان نەداون."

پوتن ئاماژەی بە ئامانجەکان نەدا، وتی مەبەست لە پێدانی چەک لەلایەن ڕۆژئاواوە بۆ ئۆکرانیا فراوانکردنی ململانێکەیە.

ئۆکرانیا داوای سیستمی موشەکی جۆراوجۆری ئێم 270 و ئێم142 هیمارسی کردووە تاوەکو هێرش بکاتە سەر هێز و پێداویستییە سەربازییەکانی ڕووسیا لە دواوە.

لەم هەفتەیەدا سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ڕایگەیاند ئەمەریکا بەنیازە سیستمی موشەکی هیمارس بدات بە ئۆکرانیا، ئەوەش دوای ئەوەی کیێڤ واشنتنی دڵنیاکردۆتەوە لەوەی کە ئەو موشەکانە بەکارناهێندرێن بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجەکانی ناو خاکی ڕووسیا.

سەرەڕای ئەوەی بەرپرسانی ڕووسیا هۆشدارییانداوە سەبارەت بە بڕیارەکەی ئەمەریکا بۆ ڕەوانەکردنی سیستمی موشەکی پێشکەوتوو بۆ ئۆکرانیا و ئەگەری ئەوەی کە ململانێکان فراوانتر ببن، پوتن وتی ئەو جۆرە چەکانە هیچ گۆڕانکارییەکی بنچینەیی لە گۆڕەپانی جەنگەکەدا دروست ناکەن.

وتی " لەوە تێدەگەین کە پێدانی سیستمی موشەکی پێشکەوتوو بە ئۆکرانیا لەلایەن ئەمەریکا و هەندێک لە وڵاتانی دیکەوە مەبەست لێیان قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانەیە کە بەر کەلوپەلە سەربازییەکانی ئەم وڵاتە کەوتوون."

وتی " ئەمە شتێکی نوێ نیە، لە ناوەڕۆکدا هیچ شتێک ناگۆڕێت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG