سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن کە لە ماوەی 24 ساڵی ڕابردوودا دەسەڵاتی لە ڕوسیا بەدەستەوەیە، ڕۆژی هەینی،8ی مانگی دوانزە ڕایگەیاند جارێکیتر خۆی کاندید دەکات بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ڕووسیا کە بڕیارە لە مانگی سێدا بەڕێوەبچێت و گوتیشی دڵنیایە لە سەرکەوتنی.
سەرەڕای هەڵگیرساندنی جەنگێک لە ئۆکرانیا کە خەرجییەکی ئێجگار زۆری ویستووە، پوتن هێشتا دوای نزیکەی چارەکە سەدەیەک لەسەر دەسەڵات پشتیوانییەکی فراوانی لێدەکرێت. جەنگەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا بووە هۆی کوژرانی هەزاران سەربازی ڕووسیایی و چەندین جار هێرشکراوەتە سەر ڕووسیا، یەکێک لەو هێرشانەش ڕاستەوخۆ کرایە سەر کرێملن.
لە مانگی شەشدا یاخیبوونێکی ماوە کورت کە سەرۆکی گروپی چەکداریی بە کرێگیراویی ڤاگنەر یەڤیگنی پریگۆژین ڕابەرایەتی دەکرد گومانێکی بەرفراوانی دروست کرد لەسەر ئەوەی ڕەنگە پوتن دەسەڵاتەکەی لە دەست بدات، بەڵام هیچ زیانێکی گەورەی بە دەسەڵاتەکەی پوتن نەگەیاند. دوای دوو مانگ لەو یاخیبوونە، پریگۆژین لە کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکەیدا گیانی لە دەستدا، ئەوەش جەخت کردنەوەیەک بوو لەسەر ئەوەی پوتن بە پتەوی کۆنتڕۆڵی ڕووسیای کردووە.
پوتن لە ماوەی مەراسیمێکی خەڵات بەخشیندا لە کرێملن، بڕیاری دووبارە خۆ کاندیکردنەوەی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ڕووسیادا ڕاگەیاند، کە لەوێ سەربازە خانەنشینەکانی و ئەوانی دیکە داوایان لێکرد دووبارە خۆی کاندید بکاتەوە.
پوتن لە ڤیدیۆیەکدا کە لەلایەن کرێملنەوە بڵاوکراوەتەوە دەڵێت " لە ئێوەی ناشارمەوە، لەم ماوەیەدا بیری جۆراوجۆرم هەبووە، بەڵام ئێستا ئێوە ڕاست دەکەن، پێویستە بڕیارێک بدەم. خۆم کاندید دەکەم بۆ سەرۆکایەتی فیدراسیۆنی ڕووسیا."
بەپێی ناوەندی ڕاپرسیکاری سەربەخۆی لیڤادا، نزیکەی لە سەدا 80 ی دانیشتوانی ڕووسیا شێوازی کارکردنی پوتنییان بەلاوە پەسەندە.
پوتنی تەمەن 71 ساڵ دووجار دەسەڵاتەکانی بەکارهێناوە بۆ هەموارکردنەوەی دەستووری وڵاتەکە، ئەوەش لە پێناو ئەوەی بتوانێت تاوەکو تەمەنی هەشتاکان لە دەسەڵات بمێنێتەوە.
سەرچاوە/ AP