Accessibility links

پوتن هۆشداری دەدات بە ئۆکرانیا و دەڵێت جەنگەکە دەکرێت جددیتر ببێت


سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن بە زەردەخەنەوە باسی لە هێرشە پێچەوانەکەی ئۆکرانیا کرد، بەڵام هۆشداریدا لەسەر ئەوەی ڕووسیا زۆر توندتر وەڵام دەداتەوە ئەگەر هێزەکانی ڕووسیا فشاری زیاترییان بخرێتەسەر.

دوابەدوای کۆبوونەوەکەی ڕێکخراوی هاریکاری شەنگەهای لە سەمەرکەندی ئۆزبەکستان، پوتن داگیرکارییەکەی لە ئۆکرانیا بە هەنگاوێکی پێویست ناوبرد بۆ ڕێگریکردن لە " پلانگێڕی ڕۆژئاوا بۆ لەیەکتر جیاکردنەوەی ڕووسیا."

گوتی مۆسکۆ پەلەی نیە لە ئۆکرانیادا. ئامانجەکانیشی وەکو خۆیان ماونەتەوە.

پوتن بە زەردەخەنەوە گوتی " بەرپرسانی کیێڤ ڕایانگەیاندووە کە هێرشێکی پێچەوانە ئەنجام دەدەن، بابزانین چۆن دەبێت و چۆنیش کۆتایی دێت."

ئەمە یەکەمین لێدوانی ئاشکرای پوتنە دوای ئەوەی هەفتەیەک لەمەوبەر هێزەکانی ڕووسیا لە هەرێمی خارکیڤی باکووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کشانەوە، ئەوەش ڕەخنەیەکی توندی شرۆڤەکارانی سەربازیی ڕووسیای لێکەوتەوە.

لە وەڵامی هێرشە پێچەوانەکەی ئۆکرانیادا ڕووسیا هێرشی کردە سەر ژێرخانەکانی ئۆکرانیا، لەوانەش کۆگای بەنداوێک و ژێرخانێکی دابینکردنی کارەبا، پوتن وتی دەکرێت ئەو هێرشانە خراپتریش ببن.

پوتن گوتی " لەمدواییانەدا هێزە چەکدارەکانی ڕووسیا دوو گورزی هەستیارییان لە ئۆکرانیا داوە، با وایدابنێین ئەوانە هۆشدارییەکن، ئەگەر بارودۆخەکە بەردەوام بەم شێوەیە پەرە بسەنێت، ئەوا وەڵامدانەوەکەمان جددیتر دەبێت."

پوتن گوتیشی ڕووسیا قۆناغ بە قۆناغ کۆنتڕۆڵی ناوچەی نوێ دەکات لە ئۆکرانیادا.

کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی ئایا ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تایبەتەکەی " لە ئۆکرانیا پێویستی بە دەستکاریکردن هەیە یاخود نا، وتی " پلانەکە جێی دەستکاریکردن نیە."

گوتی " ستافی گشتی پێی وایە شتێک گرنگە و ئەوی دیکە لاوەکییە، بەڵام ئەرکە سەرەکییەکە وەکو خۆی ماوەتەوە و جێبەجێ دەکرێت. ئامانجی سەرەکیمان ئازادکردنی سەرانسەری ناوچەی دۆنباسە."

هەرێمی دۆنباس دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیاوە و هەریەک لە هەرێمەکانی لوهانسک و دۆنێتسک لە خۆدەگرێت، کە زۆرینەی دانیشتوانی دوو هەرێمەکە بە زمانی ڕووسی قسە دەکەن. لوهانسک ئێستا بە تەواوەتی لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی ڕووسیا و هێزە جیاخوازەکانی ئۆکرانیادایە کە ڕووسیا پشتیوانییان لێدەکات، بەشێکی دۆنێتسکیشیان کۆنتڕۆڵ کردووە.

بەڵام ڕووسیا لە ئێستادا یەک لەسەر پێنجی خاکی ئۆکرانیای داگیرکردووە، زۆرینەی ناوچەکانی باشووری وڵاتەکەیان کۆنتڕۆڵ کردووە، لەوانەش هەرێمەکانی خێرسۆن و زاپۆریژا، لە ساڵی 2014 دا نیمچە دوورگەی کرایمییەشی گرتە خۆی و بە بەشێک لە خاکی ڕووسیای دەزانێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG