Accessibility links

پوتن دەڵێت ڕووسیا شەڕ بۆ بوونی خۆی دەکات


سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن دەڵێت ئەوەی کە لە ئۆکرانیادا لە مەترسیدایە بوونی ڕووسیایە وەکو دەوڵەت.

لە ماوەی وتارێکیدا بۆ کرێکارانی کارگەیەکی دروستکردنی فڕۆکە لە بوریاتا کە دەکەوێتە دووری 4,400 کم لە ڕۆژهەڵاتی مۆسکۆوە، پوتن دووبارە جەختی لەو قسەیەی کردەوە کە دەڵێت ڕۆژئاوا سوورە لەسەر ئەوەی ڕووسیا دابەش بکات.

پوتن وتی " تاوەکو ئێستا ئەمە ئەرکێکی جیۆسیاسیی نیە، بەڵکو ئەرکی مانەوەمانە وەکو دەوڵەتی ڕووسیا، دروستکردنی هەلومەرجێکە بۆ گەشەی وڵاتەکەمان و منداڵانمان لە داهاتوودا."

پوتن ڕۆژئاوای تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی بەکارهێنانی ئۆکرانیا وەکو ئامڕازێک بۆ هەڵگیرساندنی جەنگ دژی ڕووسیا و " شکستهێنانێکی ستراتیژی " بە ڕووسیا. ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی دەڵێن یارمەتی ئۆکرانیا دەدەن لە بەرگریکردن لە خۆی دژی داگیرکارییەکەی ڕووسیا کە بووەتە هۆی وێرانکردنی شارەکانی ئۆکرانیا و کوژرانی هەزاران هاوڵاتی مەدەنی و ملیۆنان کەسیشی ناچار کردووە لە ماڵەکانی خۆیان هەڵبێن.

پوتن لە وەڵامێکدا بۆ پرسیارێک وتی نیگەران بووە سەبارەت بە ئابووری وڵاتەکە کاتێک کە ڕۆژئاوا ساڵی ڕابردوو سزا بێپێشینەکانیان سەپاند بەسەر ڕووسیادا، وتیشی بەڵام ڕووسیا سەلماندی لەوە بەهێزترە کە پێشبینی کرابوو.

وتی " چەند هێندە سەروەری ئابووریمان زیاتر کردووە. لە کۆتاییدا دوژمنانمان پشتیان بە چی بەستبوو؟ پشتیان بەوە بەستبوو ئابوورییەکەمان لە ماوەی دوو بۆ سێ هەفتە یاخود مانگێکدا دەڕووخێت."

وتی " دوژمن " پێشبینی ئەوەی کردبوو کارگەکانمان دەوەستن لە کارکردن، سیستمی داراییمان دەڕووخێت، بێکاری زیاتر دەبێت، خۆپیشاندانیش لەسەر شەقامەکانماندا ڕوودەدات، هەروەها ڕووسیاش دەڕووخێت و لەناودەچێت."

پوتن وتی " ئەوە ڕووی نەدا. بۆ زۆرێکمان و بۆ وڵاتانی ڕۆژئاواش دەرکەوت کە بنچینەکانی بناغەی جێگیریی ڕووسیا زۆر بەهێزترن لەوەی هەر کەسێک بیری لێکردبۆوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG