Accessibility links

پوتن: ڕووسیا هێشتا ئامادەیە ڕێڕەوی مرۆیی بۆ ئازۆڤستاڵ بکاتەوە


وێستگەی ئازۆڤستاڵ، ماریوپۆڵ، ئۆکرانیا
وێستگەی ئازۆڤستاڵ، ماریوپۆڵ، ئۆکرانیا

کرێملن دەڵێت سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا بە سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل نەفتاڵی بێنێتی وتووە ڕووسیا هێشتا ئامادەیە بۆ کردنەوەی ڕێڕەوێکی مرۆیی بۆ گواستنەوەی هاوڵاتیانی مەدەنی لە وێستگەی ئازۆڤستاڵی گەمارۆدراوی شاری ماریوپۆڵی ئۆکرانیا.

وتیشی پوتن " لە گفتوگۆیەکی چڕی ئاڵوگۆڕکردنی بۆچوونەکاندا سەبارەت بە ڕەوشەکەی ئۆکرانیا " بە بێنێتی وتووە کیێڤ دەبێت فەرمان بە سەربازەکانی بکات کە لە وێستگەی پۆڵای ئازۆڤستاڵ خۆیان حەشارداوە چەکەکانیان دابنێن.

بەرگریکارانی ئۆکرانیا چەند هەفتەیەکە لە وێستگەکەدا خۆیان گرتووە، هاوکات کۆمەڵێک لە هاوڵاتیانی مەدەنی توانیویانە لەڕێی ڕێڕەوە مرۆییەکانەوە بگوازرێنەوە، بەڵام هێشتا ژمارەیەک لە هاوڵاتیانی مەدەنی لە وێستگەکەدا ماونەتەوە.

لە ماوەی ڕابردوودا کرێملن ڕەتی کردەوە هێزەکانی ڕووسیا هەڵیانکوتابێتە سەر وێستگەکە و ئاماژەیان بە فەرمانەکەی 21 ی مانگی چواری پوتن کرد کە تیایدا فەرمانیکرد گەمارۆی وێستگەکە بدەن و نەچنە ژێرزەمینەکانی وێستگەکەوە.

لە بەیاننامەکەی کرێملندا هیچ ئاماژەیەکی ڕاستەوخۆ نەدراوە بە گرژییە دیبلۆماتییەکەی نێوان دوو وڵاتەکە کە بەهۆی لێدوانەکەی وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤەوە دروست بوو. لاڤرۆڤ لە ماوەی ڕابردوودا وتبووی ئەدۆڵف هیتلەری نازی دیکتاتۆر ڕەچەڵەکی جوولەکە بووە. ئیسڕائیل ڕەخنەی توندی لەو لێدوانە گرت و داوایکرد ڕووسیا داوای لێبووردن بکات.

کرێملن وتی پوتن و بێنێت بە پەرۆشەوەن بۆ ڕۆژی 9 ی پێنج کە تیایدا ڕووسیا لە جەنگی جیهانی دووەمدا شکستی بە نازییەکان هێنا، وتیشی " ئەو ڕۆژە گرنگییەکی زۆری بۆ گەلانی هەردوو وڵات هەیە، کە بە وریاییەوە ڕاستی مێژووی ڕووداوەکانی ئەو ساڵانەیان هەڵگرتووە و یادەوری ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە بەرز ڕادەگرن، بە قوربانییانی هۆڵۆکۆستیشەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG