Accessibility links

پوتن لەگەڵ سەرۆکی سوریادا کۆدەبێتەوە


کرێملن ڕایگەیاند بۆ یەکەمین جار لە دوای ساڵی 2015 ەوە، سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن لە مۆسکۆ پێشوازی لە سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد کرد، لەمیانەی کۆبوونەوەکەدا پوتن ڕەخنەی لە بوونی هێزە بیانیەکان گرت لەسەر خاکی سوریا، ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ هێزەکانی ئەمەریکا و تورکیا.

کەناڵی هەواڵی سوریا وتی کۆبوونەوەکەی شەوی دووشەممە درێژخایەن بووە و دوابەدوای کۆبوونەوەکەی پوتن و ئەسەد، کۆبوونەوەیەکی دیکە لەنێوان وەزیری دەرەوەی سوریا و وەزیری بەرگری ڕوسیادا ئەنجامدراوە.

بەپێی کەناڵی سوریا لەمیانەی کۆبوونەوەکەدا پوتن و ئەسەد تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکەیان کردووە و هەروەها باسیان لەشەڕییان دژی تیرۆر و گەشەکردنە سیاسییەکانی ناوخۆی سوریا کردووە.

بەپێی بەیاننامەکەی کرێملن، پوتن بە ئەسەدی وتووە " بە بۆچوونی من کێشەی سەرەکی ئەوەیە هێزە چەکدارە بیانیەکان بەبێ مۆڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و تۆ لە هەندێک لە ناوچەکانی وڵاتەکەدا بوونیان هەیە."

پوتن " هەوڵە هاوبەشەکانی " نێوان سوریا و ڕوسیای لە ململانێکاندا بەرزنرخاند و وتی هێزە سەربازییەکانیان زۆرینەی ناوچەکانی سوریایان خستۆتەوە ژێر دەسەڵاتی حکومەت.

بەڵام کۆمەڵێک ناوچەی گرنگ هێشتا لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریادا نین، هێزەکانی تورکیا لە زۆر شوێنی باکوور و باکووری ڕۆژئاوای وڵاتەکە بڵاوکراونەتەوە، کە دوایین پەناگەی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریایە، هەروەها ئەمەریکیەکانیش لە ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژهەڵاتی ژێر دەسەڵاتی کوردەکاندا بوونیان هەیە.

بەشار ئەسەد بە پوتنی وت " سەربەرزییە " لە مۆسکۆ کۆبۆتەوە لەگەڵیدا، هەروەها " سەرکەوتنە گرنگەکانی " هێزەکانیشیانی بەرزنرخاند، بە ئەرکە هاوبەشەکانیشیانەوە بۆ " گەڕاندنەوەی ئەو پەنابەرانەی کە ناچار بوون بەهۆی شەڕەوە ماڵ و نیشتیمانیان جێبهێڵن."

لەم هەفتانەی دواییدا ئۆپۆزسیۆنی سوریا ڕایگەیاند فڕۆکە جەنگیەکانی ڕوسیا بۆردومانی باکووری ڕۆژئاوای پارێزگای ئیدلبیان کردووە، کە دوایین ناوچەی ژێر دەسەڵاتی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنە لە سوریادا. نزیکەی چوار ملیۆن خەڵک لەو ناوچەیەدا دەژی و زۆرینەیان ئاوارە بوون.

سەرۆکایەتی سوریا لە بەیاننامەیەکدا وتی وەزیری دەرەوەی سوریا فەیسەڵ میقداد و وەزیری بەرگری ڕوسیا سێرگەی شوێگۆ بەشدارییان لە گفتوگۆکانی نێوان پوتن و ئەسەددا کردووە.

سەرۆکایەتی سوریا ئاماژەشی بەوەدا هەردوولا باسیان لە گرنگی گەیشتن بە ڕێکەوتنێک کردووە " لەنێوان سورییەکاندا بەبێ هیچ دەستوەردانێکی دەرەکی."

هەروەها ئاماژەشی بەوەدا پوتن و ئەسەد تاوتوێی " هاریکارییەکانی نێوانیان کردووە لەڕووی ئابوورییەوە." بەڵام هیچ وردەکارییەکی لەسەر ئەو بابەتە نەخستەڕوو.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG