Accessibility links

کرێملن: پوتن و بەڕێوبەری دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکا تاوتوێی ململانێکانی ناوچەکەیان کردووە


کرێملن دەڵێت سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن و بەڕێوبەری دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکا تاوتویی ململانێکانی ناوچەکەیان کردووە، ئەمەش لەمیانەی سەردانە دەگمەنەکەی هەفتەی ڕابردووی بەڕێوبەری دەزگا هەواڵگرییەکەی ئەمەریکادا بۆ مۆسکۆ.

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە مۆسکۆ وتی لەسەر داوای سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن، بەڕێوبەری دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکا ویلیام بێرنس بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە ڕوسیا بووە، مەبەست لە سەردانەکەش ئەنجامدانی کۆبوونەوە بوو لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ڕوسیادا.

هەفتەی ڕابردوو تۆڕی هەواڵی سی ئین ئێن وتی بێرنس ڕەوانەی مۆسکۆ کراوە تاوەکو هۆشداری بداتە کرێملن لەسەر ئەو هەواڵانەی کە گوایە ڕوسیا هێزەکانی لە نزیک سنووری ئۆکرانیا زیاد کردووە. وتیشی دوای کۆبوونەوەکانی لە مۆسکۆ، لەڕێی پەیوەندییەکی تەلەفونیەوە قسەی لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمێر زیلێنسکیدا کردووە.

وتەبێژی کرێملن وتی پوتن و بێرنس تاوتوێی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان ئەمەریکا و ڕوسیایان کردووە، هەروەها تاوتوێی " ململانێکانی ناوچەکە " و قەیرانە دیبلۆماتیەکەی نێوان دوو وڵاتەکەیان کردووە. بەڵام هیچ وردەکارییەکی دیکەی نەدا.

بێرنس کە پێشتر لە ساڵی 2005 - 2008 باڵیۆزی ئەمەریکا بووە لە ڕوسیا، لەنێوەندی زیادبوونی گرژییەکانی نێوان دوو وڵاتەکەدا سەردانی مۆسکۆی کردووە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG