سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن یاسای سەربازی لە چوار هەرێمی ئۆکرانیا ڕاگەیاند، هەندێک بەشی ئەو هەرێمانە لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی ڕووسیادان، لە کاتێکدا کە هێزەکانی ئۆکرانیا بەردەوامن لە ئازادکردنی ناوچە داگیرکراوەکان لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەدا.
ڤلادیمیر پوتن لە میانەی کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕووسیادا گوتی بڕیارێکی واژۆ کردووە تیایدا یاسای سەربازیی لە هەرێمەکانی دۆنێتسک و لوهانسک و خێرسۆن و زاپۆریژای ئۆکرانیا ڕادەگەیەنێت، هەموو ئەو هەرێمانەش مانگی ڕابردوو مۆسکۆ بە شێوەیەکی نایاسایی لکاندنی بە ڕووسیاوە.
پوتن دەستبەجێ باسی لەو هەنگاوانە نەکرد کە دەبێت بەپێی یاسا سەربازییەکە بگیردرێنەبەر، بەڵام وتی بڕیارەکە لە نیوە شەوی ڕۆژی پێنجشەممەوە جێبەجێ دەکرێت. بڕیارەکە سێ ڕۆژ دەدات بە دەزگاکانی ئاسایش و پۆلیس تاوەکو پێشنیاری دیاریکراو پێشکەش بکەن.
بڕیارەکەی پوتن لە کاتێکدایە بەرپرسی هەرێمی خێرسۆن کە سەر بە ڕووسیایە گوتی گواستنەوەی دەیان هەزاران هاوڵاتی مەدەنی و بەرپرسانی سەر بە ڕووسیا لە خێرسۆن دەستیپێکردووە، ئەمەش دوای پێشڕەوییەکانی هێزەکانی ئۆکرانیا لە باشووری ئۆکرانیا. وتیشی لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە 5000 کەس هەرێمەکەیان جێهێشتووە.
بەرپرسی ئۆفیسی سەرۆکایەتی ئۆکرانیا ئاندری یەرماک گوتی ڕووسیا دەیەوێت " بە پەیامی ساختەوە سەبارەت بە بۆردومانکردنی شارەکە لەلایەن سوپاکەمانەوە خەڵکەکە بترسێنێت."