Accessibility links

خەڵکی پـۆرتۆ ریکۆ لە ڕیفراندۆمێکدا دەنگ دەدەن بۆ بوون بە ویلایەتێکی ئەمەریکا

  • VOA News

خەڵکی پۆرتۆ ریکۆ لە ڕیفراندۆمێـکدا کە مەرج نیـیە ئەنجامەکەی جێبەجێ بکرێت دەنگیان دا بۆ ئەوەی دورگەکەیان ببێتە ویلایەتێـکی دیکەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.

ئەم دورگەیە کە دەکەوێتە دوری 1500 کیلۆمەتر لە باشوری ڕۆژهەڵاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، دوێنێ یەکشەممە بەشێکی دانیشتوانەکەی بەرەو بنکەکانی دەنگدان ڕۆیشتن و دەنگیان دا. بەپـێی بەرپـرسانی دورگەکە ڕێژەی بەشداری نزیکەی 23 % بووە و زیاتر لە نیو ملیۆن دەنگدەر دەنگیان داوە بۆ بوونی دورگەکەیان بە ویلایەتێـکی ئەمەریکا، بەڵام تەنها 7800 دەنگدەر لەگەڵ سەربەخۆیـین و 6800 دەنگدەریش لەگەڵ ئەوەدان دورگەکەیان وەک خۆی بمێنێتەوە کە بەشێکە لە ئەمەریکا، بەڵام ویلایەت نیـیە و شێوازی حوکمڕانیـیەکەی جیاوازە.

ڕیکاردۆ ڕۆسێلـلۆ فەڕەمانڕوای دورگەکە کە لە میانەی هەڵبژاردنەکاندا بەڵێنی دابوو دورگەکە بکات بە ویلایەتی ئەمەریکا، خۆشحاڵی خۆی لەبەرامبەر ئەنجامەکە دەربڕی و گوتی ئەمە پەیامێـکی بەهێز و ڕوونە بۆ کۆنگرێسی ئەمەریکا و هەموو جیهان.

بەڵام شارەزایان بە دوری دەزانن خواستی دورگەکە بۆ بوون بە ویلایەتێکی ئەمەریکا بێتەدی، لەم کاتەی کۆماریـیەکان لە کۆنگرێس زۆرینەن و زۆربەی دانیشتوانی دورگەکە لایەنگری دیموکراتەکانن.

هەروەها دورگەکە نزیکەی 70 ملیار دۆلار قەرزارە، بۆیە ئەگەربێت و ببێتە ویلایەتێـکی ئەمەریکا، ئەوا کارێگەری خراپی بەسەر ئابوری ئەمەریکا دەبێت.

لە لایەکی دیکە زۆربەی ئەوانەی لەگەڵ ئەوەدان دورگەکەیان وەکو خۆی بمێنێتەوە دەیانەوێت ڕەگەزنامەی ئەمەریکایی‌یان هەبێت و لە هەمان کاتدا باج بە حکومەتی فیدراڵی ئەمەریکا نەدەن. هەروەها بەشێـکیان مەترسیان هەیە ئەگەربێت و دورگەکەیان ببێتە ویلایەتێکی ئەمەریکا، ئەوا ڕەنگە کەلتورە ئیسپانیـیەکەی خۆیان لە دەست بدەن.

دورگەی پـۆرتۆ ریکۆ لە ساڵی 1509 وە هەتا ساڵی 1898 لە ژێر دەسەڵاتی ئیسپانیادا بوو و پاشان لە ئەنجامی شەڕی نێوان ئیسپانیا و ئەمەریکا کە ئیسپانیا دۆڕاندی، دورگەکە کەوتە ژێر دەسەڵاتی ئەمەریکا بەپـێی پەیمانـنامەی پاریسی ساڵی 1898. دانیشتوانی دورگەکە لە ساڵی 1917 ڕەگەزنامەی ئەمەریکایی‌یان پـێبەخشرا و لە ساڵی 1948 یەکەم فەرمانڕەوای خۆیان هەڵبژارد و لە ساڵی 1952 وەوە دەسـتوری خۆیان دانا و نیمچە حوکمڕانیـیەکی سەربەخۆی خۆیان هەیە.

هەرچەندە پـۆرتۆ ریکۆ سەر بە ئەمەریکایە، بەڵام خەڵکەکەی مافی ئەوەیان نیـیە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بەشداری بکەن و نوێنەریان لە کۆنگرێس هەبێت.

XS
SM
MD
LG