Accessibility links

لوبنانییەکان دووبارە ڕێگە سەرەکییەکان دادەخەن و لەنزیک کۆشکی سەرۆکایەتیەوە ناڕەزایی دەردەبڕن


هەزاران لوبنانی دووبارە ڕژانەوە سەر شەقامەکان و ڕێگە سەرەکییەکانی ناوچە جیا جیاکانی لوبنانیان داخست، ئەمەش هاوکات لەگەڵ کۆبوونەوەی سەدان خۆپیشاندەر لەنزیک کۆشکی سەرۆکایەتی لە نزیک بەیروت.

سەرۆکی لوبنان میشال عەون ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە لە وتارێکدا پێشنیاری " پێکهێنانی حکومەتێکی تەکنۆ سیاسیی " کرد لەکاتێکدا خۆپیشاندەران داوای حکومەتێکی سەربەخۆ دەکەن دوور لە هیچ لایەنێکی حیزبی و بەرپرسە سیاسییەکانی ئێستاوە.

خۆپیشاندەران کۆمەڵێک ڕێگەی سەرەکی و گرنگیان لە ناوەڕاستی بەیروت و دەروازەکانی بە لاشەی خۆیان و ئوتومبێلەکانیان داخستووە.

چەند ڕۆژێک لەمەوبەر خۆپیشاندەران بە مەبەست ڕێگاکانیان کردەوە و خۆپیشاندانیان لەبەردەم شوێنە حکومی و بانکەکاندا ئەنجامدا تاوەکو ڕێگە بە کارمەندانی ئەو شوێنانە نەدەن بچنە سەر کارەکانیان. بەڵام توڕەییان لە وتارەکەی عەون ناچاریکردن بگەڕێنەوە بۆ داخستنی ڕێگاکان.

لەلایەکی دیکەوە سەدان خۆپیشاندەر بە پێ بەرەو کۆشکی سەرۆکایەتی بەڕێکەوتن و ئاڵای لوبنانیان بەرز کردبۆوە، ئەمەش لەنێوەندی بڵاوەپێکردنی سەربازانی یەکەی گاردی کۆماری و هێزەکانی بەرەنگاربوونەوەی کاری تێکدەرانەدا. هەروەها خۆپیشاندەران داوایان دەکرد سەرۆکی لوبنان دەست لەکار بکێشێتەوە.

لەلای خۆیەوە عەون پێکهێنانی حکومەتێکی سەربەخۆی ڕەت کردەوە و وتی " لەکوێ بگەڕێم بۆیان؟ لەسەر مانگ؟ " ئەمەش وەکو ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە هەموو لوبنانییەکان بەشێوەیەک لە شێوەکان سەر بە حیزبێک یان لایەنێکی سیاسین.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG