لە ساڵیادی یەکەمی هێرشە کوشندەکەی حەماسدا بۆ سەر ئیسڕائیل، هەزاران خۆپیشاندەر ڕژانە سەر شەقامەکانی شارە گەورەکانی سەرانسەری جیهان و داوای کۆتایی هێنانییان کرد بە خوێنڕشتنەکەی ناو غەززە و ململانێ فراوانترەکەی ناو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
نزیکەی 40,000 خۆپیشاندەری لایەنگری فەلەستینییەکان بە ناوەڕاستی لەندەندا ڕێپێوانیان کرد، هاوکات هەزاران کەس لە پاریس و ڕۆما و مانیلا و کەیپ تاون و نیویۆرک سیتی کۆبوونەوە. خۆپیشاندان لە نزیک کۆشکی سپیش لە واشنتن بەڕێوەچوو و خۆپیشاندەران ناڕەزاییان دەربڕی دژی پشتیوانی ئەمەریکا بۆ هەڵمەتە سەربازییەکەی ئیسڕائیل لە غەززە و لوبناندا.
خۆپیشاندەران لە گۆڕەپانی تایمز سکوێری نیویۆرک دروشمی وەکو " غەززە، لوبنان ئێوە هەڵدەستنەوە، گەلان لە پاڵ ئێوەدان " دەووتەوە. هەروەها داوای قەدەغەکردنی پێدانی چەکییان بە ئیسڕائیل کرد.
چەکدارانی حەماس لە 7 ی مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوودا هێرشییان کردە سەر ئیسڕائیل و بەرپرسانی ئیسڕائیل دەڵێن لەو هێرشەدا چەکدارانی حەماس 1200 کەسییان کوشتووە و نزیکەی 250 کەسی دیکەیان بە بارمتە گرتووە. هەر ئەو هێرشەی حەماسیش بوو بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگەکە لە کەرتی غەززەدا.
بەرپرسانی تەندروستی غەززە دەڵێن بەهۆی بۆردومان و هێرشەکانی ئیسڕائیلەوە بۆ سەر غەززە نزیکەی 42,000 فەلەستینی کوژراون و نزیکەی سەرجەم دانیشتوانە 2.3 ملیۆنەکەی کەرتەکەی ئاوارە کردووە.
لە جاکارتای پایتەختی ئیندۆنیسیا کە زۆرترین دانیشتووی موسوڵمانی تێدایە لە جیهاندا، لانیکەم 1000 خۆپیشاندەری لایەنگری فەلەستینییەکان بەیانی ڕۆژی یەکشەممە لە نزیک باڵیۆزخانەی ئەمەریکا گردبوونەوە و داوایان لە واشنتن کرد چیتر چەک نەدات بە ئیسڕائیل.
ڕۆژی شەممە لە لەندەن خۆپیشاندەرانی دژ بە لایەنگرانی فەلەستینییەکان ئاڵای ئیسڕائیلییان بەرز کردەوە و هاوکات لایەنگرانی فەلەستینییەکانیش بە تەنیشتیاندا ڕۆیشتن. پۆلیس دەڵێت لە ماوەی خۆپیشاندانەکاندا 15 کەس دەستگیرکراون.
لە ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیاش پۆلیس گازی فرمێسک ڕژێنی بەکارهێنا دوای ئەوەی ڕووبەڕووبوونەوەیەک ڕوویدا. نزیکەی 6000 خۆپیشاندەر قەدەغەکردنی ڕێپێوانییان بە ناوەڕاستی شارەکەدا پێشێل کرد.
لە بەرلین نزیکەی 1000 خۆپیشاندەر بە ئاڵای فەلەستینییەکانەوە هاوارییان دەکرد " ساڵێک لە کۆمەڵکوژی."
خۆپیشاندەرانی ئەڵمانیایی ڕەخنەیان لە پۆلیس گرت لەسەر ئەوەی گوایە پۆلیس توندوتیژی نواندووە دژی خۆپیشاندەرانی لایەنگری فەلەستینییەکان. لایەنگرانی ئیسڕائیل لە بەرلین خۆپیشاندانییان کرد دژی زیادبوونی هەستی دژە جوو. ڕووبەڕووبوونەوەش لە نێوان پۆلیس و خۆپیشاندەرانی لایەنگری فەلەستینییەکاندا ڕوویداوە.
شارەزایان باسییان لە نیگەرانییەکان کردووە سەبارەت بە زیادبوونی لێدوانەکانی دژە جوو و دژە ئیسلام لە هەندێک لەو خۆپیشاندانانەدا کە پەیوەستن بە جەنگەکەوە. گروپەکانی مافەکانی مرۆڤیش هۆشدارییان داوە دژی زیادبوونی مەترسییەکانی سەر موسوڵمانان و جووەکان لە سەرانسەری جیهاندا.
ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی دیکە پشتیوانیان لە مافی ئیسڕائیل کردووە بۆ بەرگریکردن لە خۆی. سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو دەڵێت حکومەتەکەی لە پێناو ڕێگریکردن لە دووبارە ڕوودانەوەی هێرشەکانی 7 ی مانگی 10 دا کاردەکات.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز