Accessibility links

هێزەکانی ڕووسیا بڵاوە بە خۆپیشاندانێک دەکەن لە شاری خێرسۆنی داگیرکراو


خێرسۆن، ئۆکرانیا
خێرسۆن، ئۆکرانیا

ئۆفیسی جێبەجێکاری گشتی ئۆکرانیا وتی هێزەکانی ڕووسیا گازی فرمێسک ڕژێن و بۆمبی کاسکردنیان بەکارهێناوە بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندانەکانی پشتیوانی لە ئۆکرانیا لە شاری خێرسۆنی داگیرکراو، لەکاتێکدا کە مۆسکۆ کۆنتڕۆڵی بەسەر شارەکەی باشووری ئۆکرانیادا توندتر کردۆتەوە.

بەرپرسانی ناوخۆی شارەکە دەڵێن ڕووسیا سەرۆکێکی شارەوانی سەر بە خۆی لە خێرسۆن دیاریکردووە، ئەوەش دوای ئەوەی هێزەکانی ڕووسیا دەستیان بەسەر بارەگای بەڕێوبەرایەتی شارەکەدا گرت.

دانیشتوانی شارەکە هەندێک جار خۆپیشاندان دژ بە داگیرکردنی شارەکە لەلایەن ڕووسیاوە ئەنجامدەدەن، ڕۆژی چوارشەممەش بە هەمان شێوە خۆپیشاندانێکیان ڕێکخست، بەرپرسانی کیێڤیش وتیان ڕووسیا پلانی داناوە ڕیفراندۆمێک لە شارەکەدا ئەنجام بدات تاوەکو کۆمارێکی جیا دروست بکات هاوشێوەی ئەوانەی لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیادا هەن.

ئۆفیسی جێبەجێکاری گشتی ئۆکرانیا لە بەیاننامەیەکدا وتی " لەماوەی خۆپیشاندانێکی ئاشتیانەدا بۆ پشتیوانیکردن لە ئۆکرانیا لە گۆڕەپانی ئازادی شاری خێرسۆن، سەربازانی هێزە چەکدارەکانی ڕووسیا گازی فرمێسک ڕژێن و بۆمبی کاسکردنیان دژی هاوڵاتیانی مەدەنی بەکارهێناوە."

وتیشی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەکەن و لانی کەم چوار کەس برینداربوون.

تاوەکو ئێستا ڕووسیا لێدوانی لەسەر ڕووداوەکە نەداوە.

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی ستایشی خۆپیشاندانەکانی کرد و وتی " سوپاسگوزاری هەموو ئەوانەم کە هێشتا کۆڵییان نەداوە، هێشتا خۆپیشاندان دەکەن و داگیرکەران پشتگوێ دەخەن."

بە ماوەیەکی کەم دوای ئەوە، دەزگای هەواڵی ئاڕ ئای ئەی ڕووسی لە زاری سەرچاوەیەکی ئاسایشەوە بڵاویکردەوە ئۆکرانیا سێ موشەکی ئاڕاستەی ناوەڕاستی شارەکە کردووە، بەڵام هێزەکانی ڕووسیا دوو موشەکییان خستۆتە خوارەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG