Accessibility links

هەردوو سیناتۆر ساندەرز و وارن لە دیبەتی دیموکراتەکان ڕووبەڕووی ڕەخنەی ڕکابەرەکانیان دەبنەوە


دیبەیتێکی دیکەی دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2020 شەوی سێشەممە لە شاری دیترۆیتی ویلایەتی میشیگن بەڕێوەچوو و تیایدا 10 کاندید بەشداریـیان کرد.

هەردوو سیناتۆر بێرنی ساندەرز و ئلیزابێث وارن ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆربوونەوە لە لایەن ڕکابەرەکانیانەوە. هەردووکیان داکۆکیـیان لە بەرنامەکانی خۆیان دەکرد بۆ گۆڕانکاری بنەڕەتی لە کۆمەڵێک سیاسەتی ناوخۆی حکومەت، بە تایبەتی سەبارەت بە خزمەتگوزاری تەندروستی. بەڵام ڕکابەرەکانیان نیگەرانی خۆیان نیشان دا لەوەی ئەو بەرنامانەی ئەم دوو سیناتۆرە بانگەشەی بۆ دەکەن ببنە مایەی دورکەوتنەوەی دەنگدەرە بێ لایەنەکان.

سیناتۆر ئلیزابێث وارن لە سەرەتای دیبەیتەکە گوتی کێشەکانی ناو وڵاتەکە بە بیرۆکەی بچوکی ناڕوون چارەسەر ناکرێن، بۆیە پـێویستە گۆڕانکاری گەورەی کاریگەر ئەنجام بدرێن.

پاشان هەردوو سیناتۆر ئلیزابێث وارن و بێرنی ساندەرز پـێشنیاریانکرد خزمەتگوزاری تەندروستی هەبێت بەبێ ئەوەی کۆمپانیاکانی بیمە هیچ ڕۆڵێکیان تیایدا هەبێت. هەروەها لەگەڵ ئەوەدا بوون سزای ئەو کۆچبەرانە نەدرێت کە بە شێویەکی نایاسایی هاتوونەتە ئەمەریکا.

جۆن دەلەینی، ئەندامی پـێشووی ئەنجومەنی نوێنەران ڕەخنەی لە هەردووکیان گرت و گوتی پـێشنیارەکانتان لە چیرۆکی ئەفسانەیی ئابوری دەچێت. گوتیشی سیاسەتەکانی وەکو میدیکێر بۆ هەمووان و بەڵێنی کە نەتوانرێت ئەنجام بدرێت، وەها لە دەنگدەرانی بێ لایەن دەکەن جارێکی دیکە سەرۆک ترامپ هەڵببژێرنەوە.

میدیکێر بەرنامەیەکی خزمەتگوزاری تەندروستی حکومەتی فیدرالی ئەمەریکایـیە و لە ئێستادا بۆ ئەو کەسانەیە کە تەمەنیان سەروو 65 ساڵە لەگەڵ ئەوانەشی خاوەن پـێداویستی تایبەتن.

ستیف بۆلک فەرمانڕەوای ویلایەتی مۆنتانا، ئەویش ڕەخنەی لێگرتن و گوتی ئەگەر لێپـرسینەوە لەگەڵ کۆچبەرانی نایاسایی نەکرێت، ئەوا هێندەی دیکە کێشەکە گەورەتر دەبێت. ئاماژەی بۆ سیستەمی کۆچبەری وڵاتەکە کرد و گوتی دوروستە و تەنیا ڕێبەرێکی دوروستی دەوێت، بۆیە دەکرێت جێبەجێ بکرێت بەبێ ئەوەی پەناببرێت بۆ نەهێشتنی لێپـرسینەوە. دواتر گوتی ئەرکی ئەو ئەوەیە ناوچەکانی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2016 دیموکراتەکان لە دەستیان دا، جارێکی دیکە بیانکاتەوە بە لایەنگری دیموکرات.

هەردوو سیناتۆر بێرنی ساندەرز و ئلیزابێث وارن هەر یەکەیان پشتیوانی نزیکەی 15% ی دیموکراتەکانیان هەیە، بەڵام جۆ بایدنی ڕکابەری سەرەکیـیان پـشتیوانی زیاتر لە دوو هیندەی ئەوانی هەیە و لە ڕاوەرگرتنە گشتیـیەکاندا 32% ی دیموکراتەکان پـشتیوانی خۆیان بۆ دەربڕیوە.

جێی ئاماژەیە کەناڵی CNN دیبەیتەکەی بەڕێوەبرد و ئەمشەویش دیبەتێکی دیکە بۆ 10 کاندیدی دیکەی دیموکراتەکان سازدەکات.

XS
SM
MD
LG