Accessibility links

وتاری ساڵانەی سەرۆکی ئەمەریکا


سەرۆک ترامپ شەوی سێشەممە لە کۆنگرێسی ئەمەریکا و بە ئامادەبوونی یاسادانەران و کاربەدەستانی باڵای حکومەت و لەشکر و دادوەرانی دادگای باڵا، سێـیەم وتاری ساڵانەی خۆی وەک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پـێشکەشکرد.

سەرۆک ترامپ لە بەشی زۆری وتارەکەی باسی لەو بابەتانە کرد کە بۆ ناوخۆی وڵاتەکەی گرنگە و لە کۆتایـیدا باسی شەڕی دژی تێرۆر و کوشتنی ئەبو بەکر ئەلبەغدادی ڕێبەری پـێشووی داعش و قاسم سولەیمانی فەرماندەی پـێشووی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی کرد.

بەشێکی وتارەکە:

خانم سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، جەنابی جێگری سەرۆک، ئەندامانی کۆنگرێس، خانمی یەکەمی ئەمەریکا، هاوڵاتیانی بەڕێز، سێ ساڵ لەمەوبەر دەستمانکرد بە گەڕاندنەوەی مەزنی ئەمەریکا، ئەمڕۆ وا لێرەم بۆ قسەکردن لەسەر ئەنجامەکان لەگەڵتاندا.

هەلی کاری زیاتر هەن، داهاتی خەڵک زیادەکات، هەژاری کەم‌دەبێتەوە، تاوان کەم‌دەبێتەوە، متمانە زیاتردەبێت و ئێستا وڵاتەکەمان دەگەشێتەوە و سەرلەنوێ جێی ڕێزە.

دوژمنانی ئەمەریکا هەڵدێن و هەلەکان بۆ ئەمەریکا زیاتر دەبن و ئایندەی ئەمەریکا زۆر پـڕشنگدارە و ساڵانی سستی ئابوری کۆتایـیان هات. ڕۆژانی قۆستنەوەی وڵاتەکەمان و بە سووک تەماشاکردنی لەلایەن وڵاتانی دیکەوە کۆتایـیان هات و بوون بە ڕابردوو.

کۆتایی هاتن بەو بەڵێنانەی نەدەبرانەسەر، بێکاری، هێنانەوەی بەهانە بۆ بە هەدەربردنی سەروەت و سامانی و هێزی و شکۆمەندی ئەمەریکا.

لە ماوەی سێ ساڵدا هەستاین بە نەهێشتنی هزری ڕوو لە لێژی ئەمەریکا وە ڕەتمانکردەوە ئایندە و چارەنووسی ئەمەریکا بە هێند وەرنەگیرێت. ئێستا بە ئەندازەیەک هەنگاو دەنێین کە تەنانەت پـێش ماوەیەک کورت پـێشبینیمان نەدەکرد، ئیدی ئێمە هەرگیز بەرەو دواوە ناگەڕێنەوە.

خۆشحاڵم ئەمشەو پـێتان ڕابگەیەنم ئابوری وڵاتەکەمان لە باشترین دۆخیەتی و لەشکرەکەمان سەرلەنوێ بە تەواوی بنیادنرایەوە و ئێستا هێزەکەی هیچ هێزێکی دیکە نیـیە لە جیهاندا پـێی بگاتەوە وە سنوورەکانمان پارێزراون وە خێزانەکانمان دەبوژێننەوە وە بەهاکانمان نوێ بوونەوە و شکۆمەندیمان گەڕایەوە، وە لەبەر هەموو ئەم هۆیانە بە خەڵکی وڵاتە مەزنەکەمان و ئەندامانی کۆنگرێس دەڵێم وڵاتەکەمان لە ئێستادا لە هەموو کاتێک زیاتر بەهێزترە.

ئەوەی تێڕوانینەی ئەمشەو ڕوونی دەکەمەوە، دەیسەلمێنێت هەموو هاوڵاتیـیەکی ئەمەریکایی دەتوانێت بەشداربێت لە سەرکەوتوویی ئەمەریکا و لە هەموو پـێکهاتەیەکی ئەمەریکا دەبینین بەرەو پـێشەوە دەڕوات. لەو ساتەی پـۆستەکەم وەرگرتووە هەنگاوم ناوە بۆ گەڕاندنەوەی ئابوری و کۆتایـیم بەو شتانە هێنا کە هەلەکانی کار کەم دەکەنەوە وە هەستام بە کەمکردنەوەی باج و لە پـێناو گرێبەستی بازرگانی ڕەوایانە تێکۆشیوم. بەرنامەی کارمان بۆ بەرژەوەندی کرێکار و خێزان و گەشەکردنە و لە هەمووی گرنگتر بۆ ئەمەریکایە.

ئێمە بە گەشبینیـیەوە هەنگاو بەرەو پـێشەوە دەنێین و پەرە بە هاوڵاتیانمان دەدەین لە هەموو نەژارد و ڕەنگێک و ئاینێک و بە بڕوایەکی زۆر بەرزەوە. لەوەتای هەڵبژێردراوم 7 ملیۆن هەلی نوێی کارمان دروستکردووە، واتە 5 ملیۆن زیاتر لەوەی شارەزایانی حکومەت لە کاتی بەڕێوەبەرایتـیەکانی پـێشوو پـێشبینیان دەکرد.

ڕێژەی بێکاری لە نزمترین ئاستدایە لە ماوەی زیاتر لە نیو سەدە. ڕێژی بێکاری لە سەردەمی بەڕێوەبەرایەتی مندا کەمترە لە ڕێژەی هەموو بەڕێوەبەرایەتیـیەکانی پـێشوو لە مێژووی وڵاتەکەماندا. ئەگەر سیاسەتە ئابوریـیە هەڵەکانی بەڕێوەبەرایتیـیەکانی پـێشوومان هەڵنەگێڕایەوە، ئێستا جیهان ئەم سەرکەوتنە گەورەیەی ئابوری ئەمەریکای نەدەدی.

ڕێژەی بێکاری لە نێو ئەمەرکایـیە ئەفریکایـیەکان و ئەمەریکایـیە ئیسپانیـیەکان و ئەمەریکایـیە ئاسیایـیەکان گەیشتووەتە نزمترین ئاستی لە مێژوودا. ڕێژەی هەژاری لە نێو ئەمەرکایـیە ئەفریکایـیەکان گەیشتووەتە نزمترین ئاستی.

ڕێژەی بێکاری لە نێو ژنان گەیشتووەتە نزمترین ئاستی لە ماوەی 70 ساڵدا. ساڵی ڕابردوو ژنان 72% ی هەلەکانی نوێی کاریان پـڕکردەوە.

ڕێژەی بێکاری لە نێو ئەوانەی پـێشتر سەربازبوون بۆ نزمترین ئاست دابەزی. ڕێژەی بێکاری لە نێو کەسانی خاوەن پـێداویستی تایبەت لە ئەمەریکا بۆ نزمترین ئاست دابەزی.

ڕێژەی بێکاری لە نێو ئەوانەی خوێندنی ئامادەیـیان تەواونەکردووە بۆ نزمترین ئاست لە مێژووی ئەمەریکا دابەزی.

ژمارەیەکی زۆری گەنجان کاریان دەستکەوتووە کە پـێشتر ئەمە نەبووە.

لە سەردەمی بەڕێوەبەرایەتیـیەکەی پـێشوو 10 ملیۆن کەسی دیکە چووبوونە ڕیزی ئەوانەی حکومەت کۆمەکی دارایـیان دەکات بۆ کڕینی خۆراک، بەڵام لە سایەی بەڕێوەبەرایەتیـیەکەی من 7 ملیۆن کەس لەو ڕیزە دەرچوون و هەروەها 10 ملیۆن کەسیش لە نێو ڕیزی وەرگرتنی پارەی سۆشیال نەمان.

لە ماوەی 8 ساڵی بەڕێوبەرایتیـیەکەی پـێشوو، زیاتر لە 300 هەزار کەس کارەکانیان لەدەست دا. تەنیا لە ماوەی 3 ساڵی بەڕێوەبەرایتیـیەکەی من 3.5 ملیۆن کەس کاریان دەستکەوت.

سەبارەت بە شەڕی تێرۆرزم و سیاسەتی دەرەوە، سەرۆک ترامپ گوتی:

بەڕێوەبەرایەتیـیەکەم بە توندی بەرگری لە ئاسایشی نیشتمانی وڵاتەکەمان دەکات و شەڕی تێرۆرزمی ئیسلامی توندڕەو دەکات.

هەفتەی ڕابردوو پـلانێکم ڕاگەیاند بۆ ئاشتی لە نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینیـیەکان و دان بەوەدا دەنێین کە هەموو هەوڵەکانی پـێشوو شکستیان هێناوە وە دەبێت کاربکەین لەسەر سەقامگیری ناوچەکە و ئایندەیەکی باشتر بۆ ملیۆنان کەسی ئەو ناوچەیە دابین بکەین.

سێ ساڵ لەمەوبەر داعشی دڕندە لە عێراق و سوریا دەستیگرتبوو بەسەر ناوچەیەک کە ڕووبەرەکەی زیاتربوو لە 20 هەزار میل دووجا. ئەمڕۆ ناوچەی ئەو خەلافەتە سەد دەر سەد لەناوبرا و دامەزرێنەر و ڕێبەری داعش بەغدادی خوێنڕێژی مرۆڤکوژ مرد.

ئەمشەو کارڵ و مارشا مولەرمان لەگەڵەدایە، کچە جوانەکەیان کەیڵا پاش ئەوەی خوێندنی زانکۆ تەواودەکات دەبێتە کارمەندی کۆمەکی مرۆیی. کەیڵا جارێک نووسیویەتی " هەندێک کەس خودا لە کڵێسادا دەدۆزنەوە و هەندێکیش لە سروشتدا و هەندێک لە خۆشەویستیدا، من خودا لە مەینەتیدا دەدۆزمەوە. بۆم دەرکەوت لە ژیانی کارکردنمدا کە دەستەکانم بەکاربهێنم بۆ کەمکردنەوەی مەینەتیـیەکان." ساڵی 2013 کاتێک خزمەتی خەڵکی لێقەوماوی سیڤیلی دەکرد لە سوریا، ڕفێندرا و ئەشکەنجە درا و کرا بە کۆیلە و وەک زیندانکراوێک بەغدادی لای خۆی هێشتەوە و پاش زیاتر لە 500 ڕۆژ لە ترس و تۆقاندن بەغدادی کوشتی، ئەو کاتە تەمەنی 26 ساڵ بوو.

ئەو شەوەی هێزە تایبەتەکەی ئەمەریکا کۆتایی بە ژیانی بەغدادی هێنا، جەنەڕاڵ مارک مەیڵی سەرۆکی ئەرکان لە ژوری ئۆپەراسیۆنەکان تەلەفۆنێکی بۆ کرا و پـێی گوترا پـیاوە قارەمانەکانی هەستان بەو کارە ناوێـکیان لە ئەرکەکەیان ناوە ئەویش کرداری کۆمەڵەی 8-14 ، ئەمە ئاماژەیەکە بۆ ڕۆژێکی دیاریکراو کە مەبەست لێی 14ی مانگی هەشت، ڕۆژی لەدایکبوونی کەیڵایە. جەنگاوەرانی ئەمەریکا هەرگیز کەیڵا لەیادناکەن وە ئێمەش هەروەها لەیادناکەین.

هەموو ڕۆژێک پـیاوان و ژنانی ئەمەریکایی لە هێزە چەکدارەکان گوزارشت لە خۆشەویستی بێ کۆتایی خۆیان دەکەن، ئەوەی لە ناو دڵی مرۆڤدایە.

یەکێک لەو قارەمانانە ئەمەریکایـیانە سێرجنت کرێستۆفەر هەیک بوو کە دووەم جار ڕەوانەی عێراق کرا لە ساڵی 2008 ، نامەیەکی بۆ کوڕە یەک ساڵانەکەی نووسی، " گەیج جارێکی دیکە دەتبینمەوە، فێردەکەم چۆن یەکەم پاسکیل لێبخوڕیت، یەکەم سندوقی یاری بە لم دروستبکەیت. بتبینم وەرزش دەکەیت و بتبینم منداڵیشت هەیە. کوڕەکەم خۆشم دەوێیت، ئاگات لە دایکت بێت. هەمیشە لەگەڵتدام. باوکت."

لە جەژنی قیامەتی ساڵی 2008 ، کرێس لە نێو هێزێکی گەڕۆک بوو لە بەغدا و بۆمبێکی لاڕێ بە زرێپـۆشەکەیان تەقیـیەوە، ئەو شەوە قوربانی هەرە گەورەی بۆ وڵاتەکەمان دا. سێرجنت هەیک ئێستا لە گۆڕستانی ئەرلنگتن بە خاکسپـێردراوە و ئەمشەو کاڵی هاوسەری و گەیجی کوڕی کە ئێستا تەمەنی 13 ساڵە لەگەڵماندان. کرێس بۆ هەمیشە لە دڵماندایە.

ئەو تێرۆستەی بەرپـرسە لە کوشتنی سێرجنت هەیک، قاسم سولەیمانی بوو کە ئەو بۆمبەی دابینکردبوو. سولەیمانی دڵ‌ڕەقترین خوێنڕێژی ڕژێمی ئێران بوو کە بەرپـرس بوو لە کوشتنی هەزاران سەربازی ئەمەریکایی لە عێراق. وەک گەورەترین تێرۆرست لە جیهاندا نەخشەداڕێژەری کوشتنی ژمارەیەکی بێشومار پـیاو و ژن و منداڵ بووە. فەرمانی کردبوو بە ئەنجامدانی هێرشەکەی مانگی دوازدەی ساڵی ڕابردووی سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق. پـلانی دادەنا بۆ ئەنجامدانی هێرشی نوێ، بۆیە مانگی ڕابردوو و بە ڕاسپاردەی خۆم لەشکری ئەمەریکا گورزێکی ڕێکی ئەنجام دا و بووە هۆی کوژرانی سولەیمانی و بۆ هەمیشە کۆتایی‌هێنرا بە دەسەڵاتە شەڕەنگێزەکەی.

پەیاممان بۆ تێرۆرستان ڕوونە، هەرگیز لە دادپەروەری ئەمەریکا ڕزگارتان نابێت، ئەگەر هێرش بکەنە سەر هاوڵاتیانمان ئەوا ژیان خۆت دەخەیتە بەر مەترسیـیەوە.

لەم مانگانەی دوایی بینیمان ئێرانیـیەکان بە شانازیـیەوە دەنگیان بەرزدەکەنەوە لە دژی دەسەڵاتدارە سەرکوتکەرەکانیان. دەبێت ڕژێمی ئێران دەستبەرداری هەوڵەکانی بێت بۆ بەدەستهێنانی چەکی ناوکی. دەبێت وازبێنێت لە بڵاوکردنەوەی ترس و مەرگ و وێرانکاری، وە دەستبکات بە کارکردن بۆ بەرژەوەندی خەڵکەکەی. بەهۆی سزا توندەکانی سەپاندومانە بەسەریدا، ئابوری ئێران زۆر خراپە. دەتوانین یارمەتیـیان بدەین لەوەی زۆر باشی بکەین لە ماوەیەکی کورتدا، بەڵام لەوانەیە زۆر شانازی بەخۆیانەوە بکەن یان زۆر گەمژە بن بۆ داواکردنی ئەو یارمەتیـیە بکەن. ئێمە لێرەین. باببینین چ ڕێگەیەک هەڵدەبژێرن. ئیتر ئەمە لەسەر خۆیان دەوەستێت.

لەم کاتەی بەرگری لە ژیانی ئەمەریکایـیەکان دەکەین. کاریش دەکەین بۆ کۆتایی‌هێنان بە شەڕەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لە ئەفغانستان، ئازایەتی و خۆڕاگری جەنگاوەرانمان وەهایان کرد بەرەوپـێشچوونێکی زۆر بەدەستبێت لە وتووێژەکانی ئاشتی کە لە ئێستا بەڕێوەدەچن. نامەوێت سەدان هەزار کەس لە ئەفغانستان بکوژم کە زۆربەیان بێ تاوانن. هەروەها ئەرکی ئێمە نیـیە خزمەتی وڵاتانی دیکە بکەن وەک ئاژانسێکی جێبەجێکردنی یاسا. ئەو جەنگاوەرانە باشترینن لە جیهاندا وە ئەوان یان دەیانەوێت شەڕ بکەن بۆ ئەوەی سەرکەوتن بەدەستبهێنن و یان بە هیچ شێوەیەک شەڕ نەکەن. ئێمە کاردەکەین بۆ ئەوەی درێژترین شەڕەکانی ئەمەریکا کۆتایی‌پێبهێنین و هێزەکانمان بۆ وڵات بگەڕێنینەوە.

XS
SM
MD
LG