Accessibility links

بەرپرسێکی لیتوانیا: بایدن بەڵێنی پشتیوانی زیاتری سەربازیی بۆ ناوەڕاستی ئەوروپا داوە


ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی لیتوانیا وتی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن بەڵێنیداوە پشتیوانی زیاتریی سەربازیی ئەندامانی هاوپەیمانێتی ناتۆ بکات لە ناوەڕاستی ئەوروپادا، ئەمەش لەنێوەندی زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ڕوسیا و ئۆکرانیا.

ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی لیتوانیا ئاستا سکایسگیرات بە ڕۆژنامەنووسانی وت بایدن هاوپەیمانانانی دڵنیا کردۆتەوە لەوەی واشنتن لەپشتەوە هیچ ڕێکەوتنێک لەگەڵ ڕوسیادا سەبارەت بە ناوچەکە ئەنجام نادات.

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لەڕێی پەیوەندییەکی تەلەفونیەوە قسەی لەگەڵ سەرۆکەکانی ئەو وڵاتە ئەوروپیانە کرد کە سنوورییان بە سنووری ڕوسیا و بێلاڕوس و ئۆکرانیاوە هەیە و ئەندامن لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا، لەوانەش ئیستۆنیا و لاتیڤیا و لیتوانیا و پۆڵەندا و چیک و سلۆڤاکیا و هەنگاریا و ڕۆمانیا و بولگاریا.

جێی ئاماژەیە ڕوسیا هێزەکانی لەسەر سنووری ئۆکرانیا زیادکردووە، لەوێش جیاخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بە پشتیوانی ڕوسیا دژی حکومەتی ئۆکرانیا دەجەنگن، بەمەش نیگەرانیەکان سەبارەت بە ئەگەری هێرشی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکرانیا زیادیکردووە.

سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن ڕەتی کردۆتەوە نیازی وڵاتەکەی هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا بێت، بەڵام ڕەخنەی توندی گرتووە لەوەی وەکو خۆی دەڵێت فراوانبوونی هاوپەیمانێتی ناتۆ بە ڕۆژهەڵاتدا و ڕەوانەکردنی سیستمی تەکنەلۆجیای سەربازیی بۆ نزیک سنوورەکانی ڕوسیا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG