Accessibility links

سەرۆک بایدن میوانداری ڕابەرانی فینلەندا و سوید دەکات


ڕۆژی پێنجشەممە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە کۆشکی سپی میوانداری سەرۆک وەزیری سوید ماگدالینا ئاندەرسن و سەرۆکی فینلەندا ساولی نینیستۆ دەکات، ئەوەش بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر داواکانی ئەو دوو وڵاتە بۆ چوونە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ و پشتیوانیکردن لە ئۆکرانیا و ئاسایشی ئەوروپا.

ڕۆژی چوارشەممە سەرۆک بایدن ستایشی " بڕیارە گرنگەکەی " سوید و فینلەندای کرد کە بە فەڕمی داوای ئەندامێتییان کرد لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا.

بایدن وتی " بە گەرمی پێشوازی لە ئەندامێتی فینلەندا و سوید دەکەم لە هاوپەیمانێتییەکەدا و بەتەواوەتی پشتیوانییان لێدەکەم، هەروەها بە پەرۆشەوەم لەگەڵ کۆنگرێسی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانمان لە ناتۆدا کاربکەم تاوەکو بەخێرایی فینلەندا و سوید بخەینە ناو بەهێزترین هاوپەیمانێتی بەرگرییەوە لە مێژوودا."

وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن بە هاوتا سویدییەکەی پیتەر هولتویستی وت " بەپەرۆشەوەین بۆ بەشدارییەکانی ئێوە لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا."

هولتویست وتی سوید مافی خۆیەتی خۆی بڕیار لەسەر ئاسایشی خۆی بدات.

وتی " ئێستا کاتی ئەوەیە وڵاتانی دیموکرات لە ئەوروپا و باکووری ئەمەریکا پێکەوە دژی دوژمنکارییەکەی ڕووسیا بوەستنەوە."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG