ڕۆژی هەینی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن گەیشتە کۆریای باشوور، یەکەمین وێستگەی لە گەشتەکەیدا بۆ ئاسیا وەکو سەرۆکی ئەمەریکا.
سەرۆک بایدن لە بنکەی ئۆسانی ئاسمانی ئەمەریکا لە کۆریای باشوور لەلایەن وەزیری دەرەوەی کۆریای باشوور پارک جین و جەنەڕاڵی فەرماندەی هێزەکانی ئەمەریکا لە کۆریای باشوور پۆڵ لاکامێرا و بەرپرسانی دیکەی ئەمەریکا و کۆریای باشوورەوە پێشوازی لێکرا.
بڕیارە سەرۆک بایدن لەگەڵ سەرۆکی کۆریای باشوور یوون سوک ییۆلدا کۆببێتەوە.
سەردانەکە یەکەمین کۆبوونەوە دەبێت لە نێوان دوو سەرۆکەکەدا. یوون لە 10 ی مانگی پێنجدا بووە سەرۆکی کۆریای باشوور و بەڵێنیداوە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمەریکادا پتەوتر بکات.
سەرۆکی کۆریای باشوور هیوادارە دڵنیایی لە سەرۆک بایدنەوە دەست بکەوێت لەسەر ئەوەی ئەمەریکا ڕێگریکردنەکانی دژی هەڕەشەکانی کۆریای باکوور پتەوتر بکات.
هاوکات پێشبینی دەکرێت سەرۆک بایدن مەبەستی سەرەکی لە سەردانەکەی باس بکات ئەویش ڕووبەڕووبوونەوەی بوونی چینە لە ناوچەکەدا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز