Accessibility links

پاپا فرانسیس بە داواکردن بۆ ئاشتی ئاهەنگەکانی کرسمس دەستپێدەکات


پاپا فرانسیس بە داواکردن بۆ ئاشتی ئاهەنگە جیهانییەکانی کرسمسی دەستپێکرد، لە کاتێکدا کە جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماس لە غەززە و داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا بوونەتە سێبەر بۆ پشووەکانی کرسمس.

پاپا فرانسیس لە ماوەی ڕابردوودا وتی بیر لەو کەسانە دەکاتەوە کە " بە دەست جەنگەوە دەناڵێنن، بیر لە فەلەستین و ئیسڕائیل و ئۆکرانیا دەکەینەوە."

وتی " ئەمڕۆ دڵمان لە بەیتلەحمە، کە لەوێ شازادەی ئاشتی جارێکی دیکە لەلایەن لۆجیکی نەزۆکی جەنگەوە ڕەت کرایەوە، ئەوەش بەهۆی شەڕەوە کە تەنانەت ئەمڕۆش ڕێگەی پێنادات بوارێک لە جیهاندا بدۆزێتەوە."

بەیتلەحم کە دەکەوێتە کەناری ڕۆژئاواوە و کریستیانەکان باوەڕییان وایە عیسای مەسیح زیاتر لە 2000 ساڵ لەمەوبەر لەوێ لە دایک بووە، ئاهەنگە ساڵانەییەکەی کرسمسی هەڵوەشاندەوە کە ساڵانی پێشوو هەزاران گەشتییاری بەلای خۆیدا ڕادەکێشا.

لە ناوەڕاستی شارەکەدا ئاڵایەکی گەورەی فەلەستینییەکان هەڵکرابوو لەگەڵ ئاڵایەکدا کە لەسەری نوسرابوو " زەنگەکانی بەیتلەحم بۆ ئاگربەست لە غەززە لێدەدەن."

نیکۆل نەجاری تەمەن 18 ساڵ وتی " خەڵکێکی زۆر بۆ ئەم خاکە دەمرن. زۆر قورسە ئاهەنگ بگێڕیت لە کاتێکدا خەڵکەکەمان دەمرن."

لە سوریاش کڵێساکان ئاهەنگەکانییان سنووردار کرد بۆ نزاکردن بۆ دەربڕینی هاوسۆزی بۆ فەلەستینییەکان.

لە ئۆکرانیاش بۆ یەکەمین جار لە دوای ساڵی 1917 ەوە، ئاهەنگی کرسمس لە 25 ی مانگی دوانزەدا دەگێڕێت لە بری 7 ی مانگی یەک کە ڕووسیا دایناوە بۆ ئاهەنگەکانی کرسمس.

لە باشووری تورکیاش کە لە مانگی دوودا بەهۆی بومەلەرزەیەکی بەهێزەوە زۆربەی ناوچەکە خاپوور بوو، هەندێک لە باوەڕداران لەبەردەم کڵێسا خاپوور بووەکەیاندا لە ئەنتاکیا ئاهەنگییان گێڕا.

ڤەهبی تەدراسگلی تەمەن 55 ساڵ کە خێزانەکەی و دووان لە منداڵەکانی لە بومەلەرزەکەدا گیانییان لە دەستدا، کە بووە هۆی گیان لە دەستدانی لانیکەم 50,000 کەس لە تورکیا و زیاتر لە 5000 کەسی دیکە لە سوریا، وتی " گرنگە بۆ ئێمە ئاهەنگ بۆ لە دایکبوونی عیسا بگێڕین."

وتی " هیوادارم ڕۆحییان لێرە بێت. من دڵنیام نزاکانمان بەرز دەبنەوە بۆ لایان."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG