ڕۆژێک دوای دووهەمین ساڵیادی هێرشە داگیرکارییەکەی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، پاپا فرانسیس ڕۆژی یەکشەممە داوای چارەسەرێکی دیپلۆماسی کرد بۆ جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا بە شێوەیەک کە ببێتە هۆی خستنەوەی ئاشتییەکی دادپەروەرانە و هەمیشەیی.
پاپا فرانسیس وتی " لە ماوەیەکدا کە زۆری خایاندووە و کۆتاییەکەشی دیار نیە، قوربانی و برینداریی و وێرانکاری و ئازار و ناڵەیەکی زۆر کەوتووەتەوە. ئەوە جەنگێکە کە نەک تەنها ناوچەکە لە ناودەبات بەڵکو شەپۆلی ڕق و ترسیش بە هەموو جیهاندا بڵاودەکاتەوە."
وتی " داوا دەکەین تۆزێک لە مرۆڤایەتی بدۆزرێتەوە و هەلومەرجێک دروست بکرێت بۆ چارەسەرێکی دیپلۆماسی لە گەڕان بە دوای ئاشتییەکی دادپەروەرانە و هەمیشەییدا."
ڕۆژی شەممە لە دووەمین ساڵیادی داگیرکارییەکەی ڕووسیادا ڕابەرانی وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت بەڵێنییاندا لە پاڵ ئۆکرانیادا بوەستن و ڕابەرانی ڕۆژئاواش سەردانی کیێڤییان کرد بە مەبەستی دەربڕینی هاوسۆزی خۆیان بۆ گەلی ئۆکرانیا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز