Accessibility links

پەمپێیۆ داوا لە وڵاتانی هاوپەیمانان دەکات چەکدارە بیانییەکانی ڕێکخراوی داعش وەربگرنەوە


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپێیۆ
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپێیۆ

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپێیۆ داوای لە وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانێتی دژ بە ڕێکخراوی داعش کرد چەکدارە بیانییەکانی ڕێکخراوی داعش وەربگرنەوە و یارمەتی عێراق بدەن لە دووبارە بنیادنانەوەی ژێرخانی ئابووری عێراق و سوریا کە بەهۆی جەنگەوە زیانێکی زۆرییان بەرکەوتووە.

پەمپێیۆ لە لێدوانێکدا لەمیانەی دەستپێکی کۆبوونەوەکەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانێتییەکە وتی " پێویستە وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانێتی دژ بە داعش هەزاران چەکداری دەستبەسەرکراوی بیانی تیرۆریست وەربگرنەوە و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکەن لەسەر ئەو کارە خراپانەی ئەنجامیان داوە."

جێی ئاماژەیە هێشتا نزیکەی 10 هەزار چەکداری داعش و هەزاران کەس لە خێزانەکانیان لە کەمپەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریادا دەستبەسەر کراون و هێزە کوردییەکانی سوریا پاسەوانیی کەمپەکان دەکەن. واشنتن فشار دەخاتە سەر وڵاتانی ئەوروپا تاوەکو هاوڵاتیەکانیان وەربگرنەوە بەڵام تا ئێستا ئەوروپا ئەو کارەی نەکردووە.

پەمپێیۆ داواشی لە هاوپەیمانان کرد یارمەتی پێشکەش بکەن لە دووبارە گەڕاندنەوەی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان و دووبارە بنیادنانەوەی ژێرخانی ئابووری عێراق و کار ئاسانیکردن بۆ گەڕانەوەی ملیۆنان پەنابەر. وتیشی لەم جۆرە یارمەتییانە دەبێت لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریاش پێشکەش بکرێن.

وتیشی نیگەرانییەکی زۆر هەیە لە هەڕەشەکانی ڕێکخراوی داعش لە دەرەوەی عێراق و سوریا و پێویستە لەسەر هاوپەیمانێتی سەنگیش بخاتە سەر ناوچەی ڕۆژئاوای ئەفریقا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG