وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپێیۆ گەیشتە ڕیازی پایتەختی سعودیە بەمەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ ڕابەرانی ئەو وڵاتەدا و تاوتوێکردنی ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی ئێران لە ناوچەکەدا، ئەمەش یەکەمین سەردانی مایک پەمپێیۆ دەبێت بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی لە بەغداد کە بووە هۆی زیادبوونی گرژییەکان لە ناوچەکەدا.
بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتیان وەزیری دەرەوە لەگەڵ هەریەک لە پاشا سەلمان و شازادەی جێنشینی سعودیە محەمەد بن سەلمان و وەزیری دەرەوەی سعودیە فەیسەڵ بن فەرحاندا کۆدەبێتەوە.
پێش ئەوەی بەرەو ڕیاز بەڕێبکەوێت، مایک پەمپێیۆ لە ئادیس ئابای پایتەختی ئیثیوبیا وتی " کاتێکی زۆر تەرخان دەکەین بۆ تاوتوێکردنی بابەتە ئاسایشیەکان لەکاتێکدا هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەزیادبووندایە."
وتیشی " ئەمەریکا ئامادەیە لە هەر کاتێکدا بێت گفتوگۆ لەگەڵ ئێراندا بکات." بەڵام جەختی لەوە کردەوە " ئێران دەبێت لە ڕەگەوە ڕەفتارەکانی بگۆڕێت." هەروەها ئاماژەی بەوەدا " فشارەکان لەسەر ئێران بەردەوام دەبن."
سەرچاوە/ فرانس پرێس