Accessibility links

پەمپێیۆ: ئەمەریکا وەڵام دەداتەوە ئەگەر ڕوسیا دەستوەربداتە هەڵبژاردنەکانی 2020 ی ئەمەریکاوە


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپێیۆ
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپێیۆ

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپێیۆ وتی ئەمەریکا ڕێوشوێن دەگرێتەبەر ئەگەر ڕوسیا هەوڵبدات دەستوەربداتە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکاوە کە وابڕیارە لە مانگی یانزەی ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت، بەڵام ئاماژەی بە هیچ وردەکارییەک نەدا سەبارەت بەو ڕێوشوێنانەی بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ دەیگرێتەبەر.

پەمپێیۆ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی " دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکانماندا شتێکە جێی قبوڵکردن نیە. ئەگەر ڕوسیا یاخود هەر لایەنێکی بیانی دیکە هەنگاو بنێن بۆ دەستوەردان لە پڕۆسە دیموکراسیەکەماندا ئەوا ڕێوشوێنی وەڵامدانەوە دەگرینەبەر."

جێی ئاماژەیە ڕۆژی هەینی سەرچاوەیەک لە کۆنگرێسی ئەمەریکاوە بە ڕۆیتەرزی وت بەرپرسانی هەواڵگری ئەمەریکا بە ئەندامانی کۆنگرێسیان ڕاگەیاندووە ڕوسیا دەستی کردووە بە هەڵمەتی چەواشەکردن و پڕوپاگەندە کردن بۆ یارمەتیدانی هەریەک لە کاندیدی دیموکراتەکان بێرنی ساندەرز و سەرۆک ترامپ کە هەوڵدەدات لە هەڵبژاردنەکانی مانگی یانزەدا سەربکەوێت.

ئەم لێدوانەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپێیۆ دوای ئەوە دێت سێ ئەندامی باڵای دیموکراتەکانی ئەمەریکا لە ئەنجومەنی سینات نامەیەکیان نارد بۆ هەریەک لە پەمپێیۆ و وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا ستیڤن منوچن و تیایدا داوایان کرد بەڕێوبەرایەتیەکەی ئەمەریکا بەزووترین کات سزا بسەپێنێت بەسەر ڕوسیادا بەهۆی دەستوەردانەکانیەوە لە هەڵبژاردنەکانی 2020 ی ئەمەریکادا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG