Accessibility links

پەمپێیۆ: ئەمەریکا کاردانەوەی دەبێت ئەگەر کەشتیە ئێرانییەکە نەوت ببات بۆ سوریا


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپێیۆ
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپێیۆ

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپێیۆ وتی ئەمەریکا هەرچی لە توانایدا بێت دەیکات تاوەکو ڕێگری لە کەشتیە نەوت هەڵگرە ئێرانییەکە بکات نەوت نەبات بۆ سوریا کە ئەوەش بە پێشێلکردنی سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران دادەنرێت.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپێیۆ بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ڕوونمان کردۆتەوە هەرکەس دەستی لێبدات یاخود هەرکەس پشتیوانی لێبکات یاخود هەرکەس ڕێگە بە کەشتیەکە بدات لەنگەر بگرێت، ڕووبەڕووی مەترسی سزاکانی ئەمەریکا دەبێتەوە." وتیشی " ئەگەر ئەو کەشتیە دووبارە بەرەو سوریا بڕوات ئەوا هەرچی لەتواناماندا بێت دەیکەین تاوەکو ڕێگەی لێبگرین."

ڕۆژی هەژدەی مانگی هەشت کەشتی نەوت هەڵگری ئێرانی ئادریا داریا 1 کە بە گرەیس 1 ناسراوە جەبەل تاڕیقی بەجێهێشت. زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کەشتیەکە بەرەو بەندەری کالاماتای یۆنان دەڕوات.

لەلایەکی دیکەوە ڕۆژی سێشەممە یۆنان وتی هیچ داوایەکی لە کەشتیە ئێرانییەکەوە پێنەگەیشتووە تاوەکو لە یەکێک لە بەندەرەکانی لەنگەر بگرێت.

وتەبێژی وەزارەتی باری یۆنان وتی " کەشتیەکە بە خێراییەکی کەم دەڕوات و هیچ ڕاگەیەندراوێکی فەڕمی نیە کە ئەو کەشتیە بێت بۆ کالاماتا. وەزارەتی بازرگانی دەریایی بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی یۆناندا چاودێری بابەتەکە دەکەن."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG