Accessibility links

ڕاگەیاندنی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بەبۆنەی حەفتاهەمین ساڵیادی جاڕنامەی مافی مرۆڤ


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕاگەیاندنێکی بڵاوکردەوە بەبۆنەی حەفتاهەمین ساڵیادی دەرچوونی جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە.

مایک پەمپـێیۆ ئەمڕۆ دووشەممە ڕاگەیاندنەکەی بڵاوکردەوە و تیایدا دەڵێت جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ لە ئامێز گیرا لە پاش ئەو دڕندایەتیـیەی لە جەنگی جیهانی دووەمدا بەدیکرا. دەڵێت وڵاتانی خاوەن سەروەر کۆکبوون لەسەر دەسـتنیشانکردنی مافەکانی هەموو تاکێک وە لەو کاتەوە بەڵێنیان داوە ئەو مافانە بەهێزبکەن و بپارێزن.

پاشان دەڵێت بنەما سەرەکیـیەکانی جاڕنامەکە هەتا ئەمڕۆ وەک خۆیان ماونەتەوە لە پاش حەفتا ساڵ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا حکومەتان هەن کۆسپ دەخەنە بەردەم ئازادی ئاینی و بیروباوەڕ و ڕادەربڕین. هێشتا مافی هاوڵاتیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئازاد و پاک و ڕاستەقینە جێگیرنەبووە. دەسەڵاتداران بەردەوامن لە ئەشکەنجەدانی زیندانیان و مامەڵەی نامرۆڤانە لەگەڵیاندا.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە درێژەی ڕاگەیاندنەکەی دەڵێت سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەسەر ئەو بنەمایەیە کە ڕێزگرتنی حکومەتەکان لە مافەکانی تاک و ئازادیـیە بنەڕەتیـیەکان باشترین ڕێگەیە بۆ گەشەکردن و بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری.

لە کۆتاییدا دەڵێت لەم ڕۆژی جاڕنامەی جیهانی بۆ مافەکانی مرۆڤ، ویلایەتە یەکگرتووەکان جەخت دەکاتەوە سەر وابەستەیی بە ئازادیـیەکانی مرۆڤ لە ناو وڵات و سەرانسەری جیهان.

XS
SM
MD
LG