Accessibility links

سەرۆکی پۆڵەندا: دەبێت ئۆکرانیا بڕیار لەسەر داهاتووی خۆی بدات


سەرۆکی پۆڵەندا ئاندژەی دودا بەشداری دانیشتنێکی پەرلەمانی ئۆکرانیا دەکات و وتارێک پێشکەش دەکات
سەرۆکی پۆڵەندا ئاندژەی دودا بەشداری دانیشتنێکی پەرلەمانی ئۆکرانیا دەکات و وتارێک پێشکەش دەکات

سەرۆکی پۆڵەندا ڕۆژی یەکشەممە بە یاسادانەرانی ئۆکرانیای وت تەنها ئۆکرانیا مافی ئەوەی هەیە بڕیار لەسەر داهاتووی خۆی بدات، ئەمەش یەکەمین جارە لە دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا سەرۆکی وڵاتێکی دیکە ڕاستەوخۆ وتارێک پێشکەشی پەرلەمانی ئۆکرانیا بکات.

کیێڤ هەر ڕێکەوتنێکی ئاشتی لەگەڵ ڕووسیادا ڕەت کردۆتەوە کە بەدەستەوەدانی خاکەکەی تێدا بێت و ئەو داوایانەشی بۆ ئاگربەست ڕەت کردۆتەوە کە تیایدا هێزەکانی ڕووسیا لەو ناوچانەی ئۆکرانیادا بمێننەوە کە داگیریکردوون، دەڵێت ئەم جۆرە ئاگربەستە کات دەدات بە مۆسکۆ تاوەکو دووبارە هێزەکانی ڕێکبخاتەوە.

سەرۆکی پۆڵەندا ئاندژەی دودا وتی " دەنگی نیگەرانیکەر دەرکەوتوون، دەڵێن دەبێت ئۆکرانیا داواکانی پوتن جێبەجێ بکات. تەنها ئۆکرانیا مافی ئەوەی هەیە بڕیار لەسەر داهاتووی خۆی بدات، هیچ شتێک بەبێ ئێوە لەسەر ئێوە ناکرێت."

دودا وتی دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوا بکات ڕووسیا بەتەواوەتی لەسەر خاکی ئۆکرانیا بکشێتەوە.

دودا وتی " ئەگەر ئۆکرانیا بکرێتە قوربانی هۆکاری ئابووری یاخود مەرامی سیاسیی، تەنانەت یەک سانتیمەتر لە خاکەکەی داگیربکرێت، ئەوا ئەمە لێدانێکی زۆر گەورە دەبێت نەک تەنها لە گەلی ئۆکرانیا بەڵکو لێدانێک دەبێت لە سەرانسەری جیهانی ڕۆژئاوا."

جێی ئاماژەیە پەیوەندییەکانی نێوان پۆڵەندا و ڕووسیا هەمیشە پڕ بوون، لە دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا، پۆڵەندا بووەتە چەقبەستووترین هاوپەیمانی کیێڤ.

پۆڵەندا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە پشتیوانییەکی تەواوی لە سەپاندنی سزا بەسەر ڕووسیادا کردووە و بە ئاشکرا پشتیوانی لە هەوڵی ئۆکرانیا کردووە بۆ بوون بە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپادا.

دودا وتی " پشوو نادەم تاوەکو ئۆکرانیا دەبێتە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG