پۆڵەندا هۆشداریدا لەوەی قەیرانی کۆچبەران لەسەر سنووری وڵاتەکە و بێلاڕوس دەکرێت چەند مانگ و تەنانەت بۆ چەند ساڵێک بەردەوام بێت، ئەمەش ڕۆژێک دوای ئەوەی هێزەکانی پۆڵەندا گازی فرمێسک ڕژێن و ئاوییان بەکارهێنا بۆ بڵاوەپێکردنی کۆچبەران کە بەردییان دەگرتە هێزەکان.
وەزیری بەرگری پۆڵەندا ماریوش بلاشتاک وتی لە شەودا کۆمەڵێک هەوڵی دیکە هەبوون بۆ بەزاندنی سنوورەکە.
هەزاران کۆچبەر کە زۆرینەیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هاتوون و لەسەر سنووری بێلاڕوس ماونەتەوە و ناتوانن بپەڕنەوە بۆ یەکێتی ئەوروپا، وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و هاوپەیمانێتی ناتۆ بێلاڕوس تۆمەتبار دەکەن بە تۆمەتی بەکارهێنانی کۆچبەران وەکو کارتێکی فشار بۆ سەر یەکێتی ئەوروپا کە پێشتر بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤەوە سزای بەسەر بێلاڕوسدا سەپاندووە.
سەرۆکی بێلاڕوس ئالیکساندەر لوکاشینکۆ و سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتنی هاوپەیمانی ئەو تۆمەتانەیان ڕەت کردۆتەوە و ڕەخنەیان لە یەکێتی ئەوروپا گرتووە لەسەر وەرنەگرتنی ئەو کۆچبەرانە.
بلاشتاک وتی " دەبێت خۆمان بۆ ئەو ڕاستیە ئامادە بکەین کە بارودۆخەکەی سەر سنووری نێوان پۆڵەندا و بێلاڕوس بەخێرایی چارەسەر ناکرێت. دەبێت خۆمان ئامادە بکەین بۆ چەند مانگ و تەنانەت چەند ساڵێکیش."
بلاشتاک ئاماژەشی بەوەدا لە شەودا هەوڵەکان بۆ بەزاندنی سنوورەکە بەردەوام بوون، وتیشی کۆچبەران " هەمان شێوازییان بەکارهێناوە بۆ هێرشکردنە سەر سنووری پۆڵەندا."
پاسەوانی سنووری پۆڵەندا وتی " 161 هەوڵی نایاساییان بینیوە بۆ بەزاندنی سنوورەکە، دووان لە هەوڵەکان لەڕێی بەکارهێنانی هێزەوە بووە."
پۆلیسی پۆڵەندا وتی لە پێکدادانەکانی ڕۆژی سێشەممەدا 9 ئەفسەری پۆڵەندا برینداربوون. وتەبێژێکی پۆلیس وتی بریندارەکان لە نەخۆشخانە نەماونەتەوە.
ڕوسیا و بێلاڕوس سەرکۆنەی ڕەفتارەکانی هێزەکانی پۆڵەندایان کرد، ئەمەش ڕۆژێک دوای ئەوەی یەکێتی ئەوروپا و ئەمەریکا وتیان سزاکانی سەر بێلاڕوس بەهۆی قەیرانی کۆچبەرانەوە فراوانتر دەکەن.
سەرچاوە/ فرانس پرێس