وەزیری ناوخۆی پۆڵەندا ماریوش کامینسکی دەڵێت وڵاتەکەی کەسێکی دەستگیرکردووە کە گومان دەکرێت ئەندامی تۆڕێکی سیخوڕی ڕووسیا بێت، بەمەش کۆی ژمارەی ئەو کەسانەی لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکاندا دەستبەسەرکراون گەیشتە 16 کەس.
کامینسکی وتی " دەزگای ئاسایشی ناوخۆ کەسێکی دیکەی دەستگیرکرد، شانزەهەمین کەسە گومانییان لێدەکرێت بەشدار بووبێتن لە تۆڕێکی سیخوڕی ڕووسیادا."
وتی" میخائیل ئەی بیلاڕووسیایی بەشداری لە ئەرکە دیدەوانییەکاندا کردووە لە دامەزراوە سەربازییەکان و بەندەرەکاندا، هەروەها چالاکیی پڕوپاگەندەی بۆ ڕووسیا ئەنجامداوە، بۆیە دەستگیرکراوە. "
دەزگای ڕۆژنامەوانی وەزیر و ڕێکخەری هەواڵگری و ئاسایشی پۆڵەندا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند ئەو کەسە لە ساڵی 2021 دا دوای بەسەربردنی چەندین ساڵ لە ڕووسیا هاتووە بۆ پۆڵەندا. پێشتر شەش ساڵ زیندانیکراوە.
وتیشی " بەڵگەکانی ئەم دۆسیەیە ئەوە دەردەخەن کە بە بەردەوامی پارەی پێدراوە بۆ جێبەجێکردنی ئەو ئەرکانەی کە بۆ تێکدانی هەردوو ئاسایشی ناوخۆ و دەرەوەی پۆڵەندا داڕێژراون. "
"ئەم کەسە بیلاڕووسیاییە دانی بە بەشێکی تاوانەکەیدا ناوە... بە تۆمەتی بەشداریکردنی لە چالاکیی هەواڵگری بیانی دژ بە پۆڵەندا تۆمەتبار کراوە... لەسەر بڕیارەکەی دادگا، بۆ ماوەی سێ مانگ دەستبەسەردەکرێت."
پۆڵەندا دەڵێت بووەتە ئامانجی سەرەکی سیخوڕەکانی ڕووسیا، بیلاڕوس و ڕووسیاش تۆمەتبار دەکات بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ تێکدانی سەقامگیری وڵاتەکە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە " دەزگای ئاسایشی ناوخۆ بەردەوامە لە لێکۆڵینەوە لە وردەکاری زیاتری چالاکییەکانی ئەو بازنە سیخوڕییە و بۆ ناسینەوەی هەموو ئەو کەسانەی کە پەیوەندییان بەو گروپەوە هەیە، لەبەرئەوەش ئەگەری دەستگیرکردنی خەڵکی زیاتر لە داهاتوودا بەدوور نازانرێت."
سەرچاوە / ڕۆیتەرز