Accessibility links

دەسەڵاتی فەلەستینی لەگەڵ ئەمەریکا کار لەسەر پلانەکانی دوای جەنگ بۆ غەززە دەکات


سەرۆک وەزیری دەسەڵاتی فەلەستینییەکان- محەمەد شتەیە
سەرۆک وەزیری دەسەڵاتی فەلەستینییەکان- محەمەد شتەیە

بلومبێرگ نیوز لە زاری سەرۆک وەزیری فەلەستینییەکان محەمەد شتەیەوە بڵاویکردەوە دەسەڵاتی فەلەستینی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکادا لەسەر پلانێک کاردەکات بۆ بەڕێوەبردنی غەززە دوای ئەوەی جەنگەکە تەواو دەبێت.

شتەیە لە چاوپێککەوتنێکدا لەگەڵ بلومبێرگ نیوزدا وتی ئەو دەرەنجامەی کە خوازراوترە بۆ جەنگەکە ئەوەیە گروپی چەکداریی حەماس کە کۆنتڕۆڵی غەززە دەکات ببێتە هاوبەشێکی بچووک لە ژێر دەسەڵاتی ڕێکخراوی ئازادی فەلەستینیدا و یارمەتیدەر بێت لە بونیادنانی وڵاتێکی نوێی سەربەخۆ کە کەناری ڕۆژئاوا و غەززە و ڕۆژهەڵاتی ئۆرشەلیمیش بگرێتەوە.

شتەیە وتی " ئەگەر ئەوان ' حەماس ' ئامادە بن بۆ ڕێککەوتنێک و ڕازی ببن بە سەکۆی سیاسی ڕێکخراوی ئازادی فەلەستینی، ئەوا بوار دەبێت بۆ گفتوگۆ. نابێت فەلەستینییەکان دابەش بن." وتیشی ئامانجی ئیسڕائیل بۆ لە ناوبردنی حەماس بە تەواوەتی واقیعی نیە.

دوای هێرشەکانی حەماس لە 7 ی مانگی 10 دا بۆ سەر ئیسڕائیل، ئیسڕائیل بەڵێنیداوە حەماس لە ناوببات. بەرپرسانی ئیسڕائیل دەڵێن لەو هێرشەی حەماسدا نزیکەی 1200 کەس لە ئیسڕائیل کوژراون و نزیکەی 240 کەسیش بە بارمتە گیراون.

لە وەڵامی لێدوانەکانی شتەیەدا، سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو لە پۆستێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وتی "ڕاستی ئەوەی کە دەسەڵاتی فەلەستینی پێشنیاری دەکات تەنها سیاسەتەکەی من پتەوتر دەکات: دەسەڵاتی فەلەستینی چارەسەرەکە نیە."

وەزارەتی تەندروستی غەززە دەڵێت بەهۆی هێرشەکانی ئیسڕائیلەوە زیاتر لە 17,000 فەلەستینی کوژراون و 46,000 کەسی دیکەش بریندار بوون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG