هەردوو کۆمپانیای " ڤایزەری ئەمەریکا و بایۆنتیکی ئەڵمانیا " ڕایانگەیاند ڤاکسینەکەیان دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە لە ئێستادا پەرەی پێدەدەن " لە سەدا 90 کاریگەرە ". ئەمەش دوای ئەنجامی تاقیکردنەوە سەرەتاییەکانی قۆناغی سێیەم و کۆتایی تاقیکردنەوەکانی ڤاکسینەکە لەسەر ڤایرۆسەکە.
ئەم ڕاگەیاندنە لەکاتێکدا دێت لە سەرانسەری جیهاندا حاڵەتەکانی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەڵکشاندایە و ملیۆنان خەڵک لەژێر ڕێوشوێنەکانی قەدەغەکردنی هاتوچۆ و داخستنی وڵاتەکانیاندا دەژین و هەروەها زیانێکی زۆری بە ئابووری وڵاتانی جیهان گەیاندووە.
ئەم ڕاگەیاندنە بووە هۆی بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو لە بۆڕسەکانی ئەوروپا و نرخەکانی نەوتدا.
سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا جۆو بایدن وتی ئەم ڕاگەیاندنە " هیوایەکمان پێدەبەخشێت بەڵام شەڕێکی دووروودرێژ لەبەردەمماندایە."
لەلای خۆشیەوە سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ وتی " ئەوە هەواڵێکی دڵخۆشکەرە."
سەرۆکی کۆمپانیای فایزەر ئالبێرت بۆرلا لە بەیاننامەیەکدا وتی " دوای زیاتر لە هەشت مانگ لە سەرەتای سەرهەڵدانی پەتاکەوە، پێمان وایە ئەم قۆناغە بۆ جیهان هەنگاوێکی گرنگە بۆ پێشەوە لە شەڕماندا دژی کۆڤید-19. "
وتیشی " کۆمەڵەی یەکەمی ئەنجامی قۆناغی سێیەمی تاقیکردنەوەکانی ڤایرۆسەکە دژی کۆڤید-19، یەکەمین بەڵگەی داینێ لەسەر توانای ڤاکسینەکەمان لە دژی کۆڤید-19 "
سەرچاوە/ فرانس پرێس