Accessibility links

فایزەر و بایۆنتێک دەڵێن ڤاکسینەکەیان لە دژی کۆرۆنا بۆ منداڵانی هەتا 5 ساڵ سەلامەتە


هەردوو کۆمپانیای فایزەر و بایۆنتێک ڕۆژی دووشەممە ڕایانگەیاند ئەنجامەکانی تاقیکردنەوەکان ئەوەیان پیشاندا کە ڤاکسینەکەیان بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا سەلامەتە و بەرگرییەکی جەستەیی بەهێزی لە نێو منداڵانی تەمەن 5 هەتا11 ساڵان دروستدەکات، دەشڵێن بە زوویی هەوڵی بەدەسیهێنانی مۆڵەتی فەرمی بۆ بەکارهێنانی بۆ منداڵانی نێوان ئەو تەمەنانە دەدەن.

فایزەر و بایۆنتێک گوتیان بڕی ڤاکسینەکە بە دۆزی کەمتر دەدرێت بە منداڵان بە بەراورد بە کەسانێ تەمەن سەروو 12 ساڵان.

لە ڕاگەێندراوێکی هاوبەشدا کۆمپانیای گەورەی فایزەر و هاوبەشە ئەڵمانییەکەی گوتیان ڤاکسینەکان کە دراوە لەو منداڵانەی تەمەنیان 5 هەتا11 ساڵانە ، دەرکەوتووە ڤاکسینەکە بۆیان سەلامەتە و جەستەیان توانیویەتی دژە تەن لە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا دروستبکات.

هەردوو کۆمپانیا بەنیازن داتاکانیان هەتا دەکرێت بە زوویی پێشکەش بە دەستەی رێکخستنی رێنومایی یەکێتی ئەوروپا و ئەمەریکا و سەرانسەری جیهان بکەن.

ئەمە یەکەمین ئەنجامی تاقیکردنەوەی ڤاکسینی دژی کۆرۆنایە بۆ منداڵانی خوار تەمەن 12 ساڵان. هێشتا تاقیکردنەوەی ڤاکسینی مۆدێرنا بۆ منداڵانی تەمەن 6 هەتا11 ساڵان بەردەوامە .

هەردوو ڤاکسینی فایزەر و مۆدێرنا بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کەسانی تەمەن سەروو 12 ساڵان دەدرێت.

هەرچەندە منداڵان وەها دادەنرێن کەمتر لەبەردەم مەترسی توشبوونن بە کۆڤید بە توندی، بەڵام ئەو نیگەرانیانە لە ئارادان کە ڤایرۆسی گۆڕاوی جۆری دێڵتا کە زۆر بەخێرایی دەگوێزرێتەوە ، ببێتە مایەی سەرهەڵدانی حاڵەتەکانی زیاتر مەترسیدار.

کوتانی منداڵان وەک هەنگاوێکی سەرەکی دادەنرێت بۆ بەردەوامیدان بە خوێندن و هەروەها کۆتایی هێنان بە پەتاکە.

ئەلبێرت بۆرڵا بەرپرسی جێبەجێکاری کۆمپانیای فایزەر گوتی ؛ ئێمە بە پەرۆشین بۆ درێژکردنەوەی پاراستن لە رێی ڤاکسینەکەوە بۆ منداڵان ، ناوبراو گوتیشی لە مانگی حەوتەوە حاڵەتەکانی کۆڤید-19 لە نێو منداڵاندا بە نزیکەی ڕێژەی لەسەدا 240 لە ئەمریکادا بەرزبووەتەوە.

ئەلبێرت بۆرڵا بەرپرسی جێبەجێکاری کۆمپانیای فایزەر گوتیشی بۆ منداڵانی تەمەن ژێر 5 ساڵان کاریگەرە لاوەکیەکان بە گشتی هاوشێوەی ئەوانە بوون کە بەشدارانی تاقیکردنەوەکە بوون و تەمەنیان 16 بۆ 25 ساڵان بووە.

کاریگەریە لاوەکیە باوەکانی کوتان بە ڤاکسینەکە کە لە ڕابردوودا زانراوە، بە شێوەیەکی گشتی بریتی بووە لە هەڵئاوسان و ئازاری شوێنی دەرزییەکە و سەرئێشە و لەرز و تا.

فایزەر سوپاسی ئەو منداڵانەی کرد کە بەشداریان لە تاقیکردنەوەکاندا کردبوو و هەروەها سوپاسی خێزانەکانیشی کردن کە ڕێگەیان داوە ڤاکسینەکە لەسەریان تاقیبکرێتەوە. ئەمەش کارێکی مرۆیی گەورەیە.

XS
SM
MD
LG