Accessibility links

سەرۆک بایدن: کار دەکەین بۆ کۆتایی‌هێنان بەو شەڕانەی لە مێژەوە لە جیهاندا بەردەوامن


سەرۆک بایدن دەڵێت بەڕێوەبەرایەتیـیەکەی کاردەکات بۆ کۆتایی هێنان بەو شەڕانەی ماوەیەکی درێژە لە جیهاندا بەردەوامن.

سەرۆک جۆو بایدن ڕۆژی چوارشەممە لە میانەی سەردانەکەی بۆ وەزارەتی بەرگری گوتی لەگەڵ لۆید ئۆستن وەزیری بەرگری و ڕێبەران لە سەرانسەری جیهان کاردەکات بۆ کۆتایی‌هێنان بەو شەڕانەی بۆ ماوەیەکی زۆر درێژە بەردەوامن، بەڵام هاوکات دەیەوێت دڵنیاببێت لەوەی ئەمەریکا و ئەمەریکایـیەکان ڕووبەڕووی هەڕەشەی تێرۆرستی نابنەوە.

هەروەها گوتیشی، وەک فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئەمەریکا، هەرگیز دوودڵ نابێت لە بەکارهێنانی هێزی لەشکری بە ئامانجی بەرگریکردن لە بەرژەوەندیـیەکانی ئەمەریکا و خەڵکی ئەمەریکا و هاوپەیمانانی ئەمەریکا لە سەرانسەری جیهاندا.

سەرۆک بایدن کە بە یاوەری کامڵا هێرس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا سەردانەکەی بۆ پەنتاگۆن ئەنجام دا، لەگەڵ کاربەدەستانی لەشکری کۆبوونەوە بۆ تاووتوێکردنی دوا پـێشهاتەکانی جیهان و چۆنیەتی مامەڵەکردنی لەشکری ئەمەریکا لە بەرامبەریاندا، لەوانە جموجۆڵەکانی چین.

سەرۆک بایدن گوتی دەبێت ئەمەریکا لە بەرامبەر ئەو جموجۆڵانەی چین بوەستێتەوە لە پـێناو پاراستنی ئاشتی و بەرگریکردن لە بەرژەوەندیـیەکانی ئەمەریکا لە ناوچەی هیندۆ پاسفیک و جیهان بە گشتی. گوتیشی تیمێکی نوێ لە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا بە پشتبەستن بە شارەزایانی سیڤیلی و لەشکری بۆ ئەم مەبەستە بە خێرایی کاردکەن و لە ماوەی چەند مانگی داهاتوو ڕاسپاردەکانی خۆیان پـێشکەش دەکەن.

جەختی لەوەش کرد ڕووبەڕووبوونەوەی چین پـێویستی بە هەوڵی بەڕێوەبەرایەتیـیەکەیتی لەگەڵ هاوکاری هەردوو پارتی دیموکرات و کۆماری لە کۆنگرێس و هەروەها هاوپەیمانێتی و هاوبەشی بەهێز لە جیهاندا.

XS
SM
MD
LG