Accessibility links

پەتای کۆرۆنا بابەتی سەرەکی دیبەتی نێوان مایک پـێنس و کامڵا هێرس بوو


پەتای کۆرۆنا بوو بە بابەتی سەرەکی دیبەیتی نێوان سیناتۆر کامڵا هێرس، کاندیدی دیموکراتەکان بۆ پـۆستی جێگری سەرۆکی ئەمەریکا و مایک پـێنس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا، کاندیدی کۆماریـیەکان.

شەوی چوارشەممە یەکەم و داویەمین دیبەیتی نێوان مایک پـێنسی تەمەن 61 ساڵ و کامڵا هێرسی تەمەن 55 ساڵ بوو کە لە هۆڵێکی زانکۆی یوتا لە شاری سەڵت لەیکی ویلایەتی یوتا بەڕێوەچوو و ڕۆژنامەوان سوزن پەیج، تەمەن 69 ساڵ، بەرپـرسی ئۆفیسی واشنتنی ڕۆژنامەی USA Today، دیبەیتەکەی بەڕێوەبرد.

سوزن پەیج یەکەم پـرسیاری ئاڕاستەی کامڵا هێرس کرد، گوتی "ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کۆنترۆڵ دەرچووە. هەفتەی ڕابردوو سەنتەری جۆنز هاپکنز ئاماژەی بۆ ئەوە کرد 39 ویلایەت ژمارەی حاڵەتی تووشبوونی زیاتریان تۆمارکردووە بەراورد بە هەفتەی پـێشووتر. 9 ویلایەت ژمارەی حاڵەتی تووشبوونی زیاتری وەهایان تۆمارکردووە کە پـێشتر نەیانبووە، بۆیە ئەگەر بەم نزیکانە ڤاکسینێکیش دەستەبەربێت، ئەوا بەڕێوەبەرایەتی داهاتوو هێشتا ڕووبەڕووی بژارەی قورس دەبێتەوە. پـرسیار: بەڕێوەبەرایەتی بایدن لە مانگی یەک و دوو چی دیکە دەکات کە بەڕێوەبەرایەتی ترامپ نەیکردبێت؟ ئایە بڕیاری داخستنەوەیەکی نوێ دەسەپێنێت بەسەر کۆمپانیا و قوتابخانە و شوێنە گشتیـیەکاندا؟ ئایە بڕیارێکی فیدراڵی دەدات بۆ بەستنی ماسک؟ ماوەی 2 خولەکت هەیە بۆ وەڵامدانەوە بەبێ ئەوەی قسەکانت پێ ببڕدرێت."

کامڵا هێرس لە وەڵامدا گوتی" سوپاس سوزن، خەڵکی ئەمەریکا شکستێکی وەها گەورەیان لە بەڕێوەبەرایەتی سەرۆکدا بینی کە پـێشتر لە مێژووی هیچ بەڕێوەبەرایەتیـیەکی دیکەدا نەیادیوە. ئەمە ڕاستیـیەکانە، 210هەزار کەس لە ماوەی چەند مانگێکدا گیانیان لەدەست دا، زیاتر لە 7 ملیۆن کەس تووشی ئەم نەخۆشیـیە بوون، لە هەموو 5 کۆمپانیایەک یەکێکیان داخراوە. ئێمە کارمەندانی هێڵی پـێشەوە دەبینین وەک قوربانی وان، زیاتر لە 30 ملیۆن کەس لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو فۆرمی داوای یارمەتی بێکاریان پـڕکردووەتەوە. لە 28 ی مانگی یەک جێگری سەرۆک و سەرۆک لە سروشتی ئەم پەتایە ئاگادارکراونەتەوە، پـێیان گوتراوە کوشندەیە و لە ڕێگەی هەوا دەگوێزرێتەوە و کار لە گەنجیش دەکات. دەیانزانی چی ڕوودەدات و پـێیان نەوتن. ئێوە بیخەنە بەر چاوتان ئەگەر لە بری 13 ی مانگی سێ لە 28 ی مانگی یەک ئاگاداریان بکردنایەوە لەوەی دەیزانن، لەوانەیە چ ئامادەکاریـیەکتان بکردایە. زانیان و شاردیانەوە. سەرۆک گوتی ئەمە شتێکی هەڵبەستراوە. لە مەترسیـیەکانی پەتاکەیان کەمکردەوە. سەرۆک گوتی دەتوانیت ماسک ببەستیت و دەتوانیت نەشیبەستیت. سەرەڕای هەموو ئەمانە هەتا ئەمڕۆش پـلانیان نیـیە. جۆو بایدن پـلانی هەیە و پـلانەکەمان پشت دەبەستێت بە ستراتیژیـیەتێکی نیشتمانی، پـشکنین بۆ دۆزینەوەی تووشبووانی نەخۆشیـیەکە و بەدواداچوون بۆ تاقیکردنەوەکانی ڤاکسینەکە و دڵنیابوون لەوەی بۆ هەمووان بە خۆڕایی دەستەبەردەبێت. ئەمە ئەو پـلانەیە کە جۆو بایدن هەیەتی و من هەمە. ئەوەی لەسەرمانە زاڵبین بەسەر دۆخەکە و وڵاتەکەمان ڕزگاربکەین. جۆو بایدن باشترین سەرکردەیە ئەم کارە بکات. بە ڕاشکاوی ئەم بەڕێوەبەرایەتیـیە دۆڕاندی."

سوزن پەیج کۆتایی بە وەڵامدانەوەکەی کامڵا هێرس هێنا و ڕووی دەمی کردە مایک پـێنس و گوتی" جێگری سەرۆک پـێنس، لەوەتای مانگی دووەوە زیاتر لە 210 هەزار ئەمەریکایی بەهۆی کۆڤید - 19 گیانیان لەدەست دا، ڕێژەی مردووان لە ئەمەریکا زیاترە لە ڕێژەی هەرچ وڵاتێکی دەوڵەمەندی سەر ڕووی زەوی، بۆ نمونە ڕێژەی مردن لای ئێمە دوو هێندە و نیوی کەندای دراوسێـیە. تۆ سەرۆکایەتی تیمی کاری بەڕێوەبەرایەتی دەکەیت بۆ نەهێشتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بۆچی ڕێژەی ژمارەی مردووان لە ئەمەریکا بەرزترە؟ ماوەی 2 خولەکت هەیە بۆ وەڵامدانەوە بەبێ ئەوەی قسەکانت پێ ببڕدرێت."

مایک پـێنس لە وەڵامدا گوتی" سوپاس سوزن، دەمەوێت سوپاسی کۆمسیۆن و زانکۆی یوتا بکەم لەسەر میوانداریکردنی ئەم بۆنەیە. سیناتۆر هێرس جێی شانازیـیەکی گەورەیە کە لەسەر ئەم سەکۆیـیە لەگەڵتدا بم. وڵاتەکەمان ئەمساڵ بە کاتی زۆر قورسدا تێپەڕبوو. بەڵام دەمەوێت ئەمەریکایـیەکان ئەوە بزانن کە لە ڕۆژی یەکەمەوە سەرۆک ترامپ تەندروستی ئەمەریکایـیەکانی لە پـێش هەموو شتێکی دیکەوە دانا. پـێش ئەوەی زیاتر لە 5حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشیـیەکە لە ئەمەریکا تۆماربکرێت کە هەموویان لە چینەوە گەڕابوونەوە، سەرۆک ترامپ ئەوەی کرد کە هیچ سەرۆکێکی پـێشووی ئەمەریکا نەیکردبوو، هەموو گەشتەکانی چینی ڕاگرت کە دووەم گەورەترین ئابوری جیهانە. جۆو بایدن لە دژی بڕیارەکە بوو و گوتی ئەمە ڕق و کینەیە بەرامبەر بیانیان و بڕیارێکی هستیریانەیە. دەتوانم پـێتان بڵێم من کە سەرۆکایەتی تیمی کۆشکی سپی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا دەکەم، ئەم بڕیارەی سەرۆک بە تەنیا زۆر گرنگ بوو بۆ خۆئامادەکردنێکی نیشتمانی کە لەوەتای جەنگی جیهانی دووەمەوە وێنەی نەبووە. وە پــێموایە ژیانی سەدان هەزار ئەمەریکایی ڕزگارکرد. چونکە لەو کاتە توانیمان پـشکنین بۆ نەخۆشیـیەکە دابنێین و هەتا ئێستا 115 ملیۆن پـشکنینمان ئەنجام داوە، توانیمان ملیاران ئامێر و پـێداویستی بۆ پـزیشک و پەرستار دابینبکەین. ئەمانە هەمووی لە پـێش مانگی دووەوە دەستیانپـێکردووە کە ڤاکسین و دەرمان نەبوون. ئێستا لە سایەی سەرۆکایەتی سەرۆک ترامپ پـێمانوایە بە پـرۆسەی پەلەکردن دەتوانین هەتا کۆتایی ئەمساڵ دەیان ملیۆن دەرزی ڤاکسینەکەمان هەبێت. کاتێک لە پـلانی بایدن دەڕوانیت دەبینیت زۆری لەوە دەچێت کە من و سەرۆک و تیمی ڕووبەڕووبوونەوەی پەتاکە دەیکەین، وە بە ڕاستی کە لە پـلانەکەیان دەڕوانم باس لە پشکنین و پـێدوایستی نوێی خۆپاراستنPPE و دروستکردنی ڤاکسینەکە دەکەن، پـێدەچێت کارەکانی ئێمە بێت بردبێتیان و بایدن شتێک لە بارەیانەوە بزانێت. بۆیە لەو بڕوایەدام خەڵکی ئەمەریکا دەزانن سەرۆک ترامپ، ئەمەریکا و خەڵکی ئەمەریکا لە پێش هەموو شتێکی دیکە دادەنێت."

سەبارەت بە ئابوری سوزن پەیج پـرسیاری لێکردن کە چۆن لە ئابوری وڵاتەکە دەڕوانن، کامڵا هێرس گوتی سەرۆک ترامپ یاسایەکی باج وەرگرتنی داناوە لە بەرژەوەندی کۆمپانیا و دەوڵەمەندەکانەدایە کە یەک لە سەدی ئەمەریکایـیەکانن، بەهۆی ئەو یاسایەوە وڵاتەکە 2 ترلیۆن دۆلار داهاتی کەمتری هەبووە لە بەرامبەر خەرجیـیەکانی، بۆیە جۆو بایدن کۆتایی بەو یاسایە دەهێنێت.

مایک پـێنس لای خۆیەوە گوتی سەرۆک ترامپ باجی لەسەر ئەمەریکایـیەکان کەمکردووەتەوە و لە هەمان کاتدا داهاتی خەڵکی زیایکردووە بە تایبەتی هی کرێکاران، گوتیشی ئەگەر جۆو بایدن ببێت بە سەرۆک ئەوا ئەو باجە زیادەکاتەوە. باسی لەوەش کرد جۆو بایدن دەیەوێت کارەکانی گەڕان بە دوای سووتەمەنی ژێر زەوی ڕابگرێت، ئەمەش کاریگەری بەسەر ئابوری و هەلی کار لە وڵاتەکەدا دەبێت.

کامڵا هێرس ئەوەی ڕەتکردەوە و گوتی جۆو بایدن باج لەسەر ئەو کەسانە زیادناکات کە ساڵانە لە 400 هەزار دۆلار کەمتر داهاتیان دەبێت، بەڵام مایک پـێنس جارێکی دیکە جەختی کردەوە بایدن باج لەسەر هەموو ئەمەریکایـیەک زیادەکات.

پاشان سوزن پەیج پـرسیاری لە کامڵا هێرس کرد لە بارەی سیاسەتی دەرەوە، گوتی لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوو گۆڕانکاری بەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا هاتووە و بۆچوونی ئێوە بۆ ساڵی 2020 چیـیە؟

سیناتۆر هێرس لە وەڵامدا گوتی" جۆو بایدن دەڵێت سیاسەتی دەرەوە ڕەنگە ئاڵۆزبێت، بەڵام پەیوەستە بە پەیوەندیـیەکان، بۆیە دەبێت خاوەنی قسەی خۆت بیت و لەگەڵ دۆستەکانت دڵسۆزبیت و ئەو دۆستانەی لەگەڵتدا دەبن دەبێت لەگەڵیاندا بیت و ڕووبەڕووی دوژمن ببیتەوە، بەڵام ئەوەی لە دانۆڵد ترامپمان بینی خیانەتی لە دۆستەکانمان کرد و دیکتاتۆرانی لە سەرانسەری جیهان لە ئامێزگرت."

مایک پـێنس لە وەڵامی بۆ قسەکانی کامڵا هێرس گوتی" سەرۆک ترامپ بەڵێنەکەی خۆی بردەسەر کاتێک باڵیۆزخانەی ئەمەریکای بۆ ئۆرشەلیمی پایتەختی ئیسرائیل گواستەوە. جۆو بایدن کە جێگری سەرۆک بوو ئەو بەڵێنەی دا، بەڵام نەیبردەسەر. بە توندی لە پاڵ هاوپەیمانانمان وەستاین، بەڵام داواکاریشمان لێـیان هەبووە، بۆیە ئێستا لە سایەی سەرۆکایەتی سەرۆک ترامپ ناتۆ لە هەموو کاتێک زیاتر لە بەرگری هاوبەش بەشداری دەکات. ئێمە پەیوەندیـیەکانمان لە ئاسیا پاسفیک پتەودەکەین و بە توندی لە دژی ئەوانە وەستاینەوە کە دەیانەوێت زیانمان پـێبگەیەنن. وەک دەزانن کاتێک سەرۆک ترامپ پـۆستی سەرۆکایەتی وەرگرت داعش دەستیگرتبوو بەسەر ناوچەیەک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە هێندەی ویلایەتی پەنسلڤانیا دەبوو. سەرۆک ترامپ ڕێگەی بە لەشکری ئەمەریکا و هێزە چەکدارەکانمان دا خەلافەتی داعش لەناوبەرن و ڕێبەرەکەی بکوژن بەبێ ئەوەی یەک ئەمەریکایی زیانی پـێبگات."

سوزن پەیج سەبارەت بە ڕەگەزپەرستی پـرسیاری لێکردن.

کامڵا هێرس سەرۆک ترامپی تاوانبارکرد بە هۆکاری زیادبوونی دیاردەی ڕەگەزپەرستی لە وڵاتەکەدا، گوتی سەرزەنشتی سپیـیە ڕەگەزپەرستەکان ناکات. گوتیشی لەو 50 کەسەی سەرۆک ترامپ بۆ دادگای پـیاداچوونەوە دایناون، یەک کەسی ڕەش پـێستیان تێدا نیـیە.

مایک پـێنس قسەکانی سیناتۆر هێرسی ڕەتکردەوە و پـێی گوت ئەگەر تۆ نیگەرانی لەوەی سەرۆک سەرزەنشتی نازیـیە نوێـیەکان ناکات، دەبێت بزانیت سەرۆک ترامپ بۆخۆی کچ و کوڕ و نەوەی جووی هەیە.

XS
SM
MD
LG