ڕۆژی یەکشەممە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا نانسی پیڵۆسی وتی لە کیێڤی پایتەخت لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکیدا کۆبۆتەوە، ئەوەش بەمەبەستی دەرخستنی پشتیوانی پتەوی ئەمەریکا لە ئۆکرانیا.
زێلێنسکی لەبەردەم بینای سەرۆکایەتیدا پێشوازی لە پیڵۆسی کرد. پیڵۆسی لە بەیاننامەیەکدا وتی " سەردانی کیێڤمان کرد تاوەکو پەیامێکی بەهێز بنێرین بۆ سەرانسەری جیهان: ئەمەریکا بە پتەوی لەپاڵ ئۆکرانیادا دەوەستێت."
کۆمەڵێک یاسادانەری ئەمەریکا هاوەڵی پیڵۆسییان کرد لە سەردانەکەیدا بۆ کیێڤ، سەردانەکەش دوای ئەوە دێت هەفتەی ڕابردوو وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن و وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن سەردانی کیێڤیان کرد.
پیڵۆسی وتی زێلێنسکی ڕوونی کردۆتەوە کە ئۆکرانیا پێویستی بە یارمەتی زیاتری ئاسایش و ئابووری و مرۆیی هەیە تاوەکو بتوانێت " مامەڵە لەگەڵ ئەو ژمارە زۆرەی قوربانیانی نێو هاوڵاتی مەدەنی ئۆکرانیادا بکات کە بەهۆی داگیرکارییە دڕندەییەکەی پوتنەوە کەوتۆتەوە."
وتی " شاندەکەمان بە شانازییەوە پەیامەکەی گەیاند و یارمەتی زیاتری ئەمەریکا بەڕێوەیە."
ڕۆژی هەینی پیڵۆسی وتی هیوادارە کۆنگرێسی ئەمەریکا ئەو 33 ملیار دۆلارە پەسەند بکات کە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن داوای کردووە بۆ پشتیوانیکردن لە ئۆکرانیا.
زێلێنسکی گرتە ڤیدیۆییەکی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ پیڵۆسیدا بڵاوکردەوە و وتی " ئەمەریکا ڕابەرە لە پشتیوانییە بەهێزەکان بۆ ئۆکرانیا لە شەڕەکەی دژ بە دوژمنکارییەکەی ڕووسیادا. سوپاس بۆ یارمەتیدان و پاراستنی سەروەری خاکی وڵاتەکەمان."
داواکەی سەرۆک بایدن زیاتر لە 20 ملیار دۆلار بۆ چەک و تەقەمەنی و یارمەتی دیکەی سەربازیی دەگرێتەوە، هەروەها 8.5 ملیار دۆلاری دیکە بۆ یارمەتیدانی ڕاستەوخۆی ئابووری حکومەتی ئۆکرانیا و 3 ملیاریش بۆ یارمەتیدانی مرۆیی ئەو وڵاتە.
بەپێی بەیاننامەکە، شاندەکەی پیڵۆسی کە سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا گریگۆری میکسیشی تێدا بوو، لە ئۆکرانیاوە گەشتیان کردووە بۆ پۆڵەندا، ئەوەش بەمەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی پۆڵەندا و بەرپرسانی دیکەی ئەو وڵاتەدا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز