Accessibility links

نێوەندگیرانی ئاشتی بۆ شەڕی نێوان ئیسڕائیل و حەماس لە پاریس کۆدەبنەوە


شاندێکی ئیسڕائیل بە ڕابەرایەتی سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ئیسڕائیل دەیڤد بارنیا بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر گەڕاندنەوەی ئەو بارمتانەی کە هێشتا لەلای حەماس ماونەتەوە، سەردانی پاریسیان کردووە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ نوێنەرانی ئەمەریکا و قەتەر و میسر.

ڕۆژنامەی "ئۆرشەلیم پۆست" ڕۆژی شەممە 24ی مانگی دوو لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە ڕایگەیاند کە بڕیارە کابینەی جەنگی ئیسرائیل ڕەشنووسی نوێکراوی ڕێککەوتننامەیەک بۆ ئازادکردنی ئەو بارمتانەی کە هێشتا لەلایەن گروپی چەکداری حەماسەوە دەستبەسەرن، لە تیمی دانوستانکارەکەی لە پاریس وەربگرێت و بڕیاری لەسەر بدات.

به پێی ڕاپۆرتەکەی ئۆرشەلیم پۆست له میانەی کۆبوونەوەی نوێنەرانی ئەمەریکا، ئیسرائیل، میسر و قەتەر له پاریس، له سەر ڕەشنووسێکی نوێ بۆ ئازادکردنی بارمتەکان ڕێککەوتن کراوە.

شاندەکەی ئیسرائیل کە پێکهاتبوون لە دەیڤید بارنیا سەرۆکی مۆساد و ڕۆنین بار سەرۆکی شین بێت و نوێنەرانی سوپای ئیسرائیل بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە گەڕانەونەتەوە بۆ ئیسرائیل.

دوو سەرچاوەی ئاگادار لە وردەکاریی دانوستانەکان ڕایانگەیاندووە دانوستانەکان تا ڕادەیەک پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە و ڕەنگە ڕێگە خۆش بکات بۆ دانوستانی گشتگیرتر لەسەر ژمارە و ناسنامەی ئەو بارمتانەی کە ئازاد دەکرێن.

هەروەها ڕۆژنامەی "هارتز" لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە نووسیویەتی کە پێشکەوتنەکانی کۆبوونەوەی پاریس ڕێگە بە لایەنەکان دەدات چوارچێوەیەکی نوێکراوە بۆ ڕێککەوتنەکە بخەنە بەردەم حەماس.

وەڵاتانی بەشدار لەو کۆبوونەوەکەی پاریسدا وەک نێوەندگرانی ئاشتی هەروەها مەبەستیان بووە کار لەسەر گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئاگربەست بکەن بە هیوای ئەوەی بگەن بە ڕێککەوتنێک کە ئیسڕائیل دووربخەنەوە لە ئەنجامدانی هێرشێکی زەمینی بۆ شاری ڕەفەحی باشووری غەززە کە زیاتر لە یەک ملیۆن ئاوارەی فەلەستینی ڕوویان تێکردووە و وەکو پەناگە بەکارییان هێناوە.

وەزارەتی تەندروستی غەززە دەڵێت لە بەیانی ڕۆژی هەینییەوە هێزەکانی ئیسڕائیل زیاتر لە 70 هێرشی ئاسمانییان لە دەیرولبەلەح و خان یونس و ڕەفەح ئەنجام داوە. لانیکەم 92 کەس لەو هێرشانەدا کوژراون.

ئیسڕائیل دەڵێت هێرش دەکاتە سەر ڕەفەح ئەگەر بە زوویی هیچ ڕێککەوتنێک واژۆ نەکرێت. واشنتن داوای لە ئیسڕائیل کردووە هێرش نەکاتە سەر ڕەفەح، هۆشداری داوە و دەڵێت ئەو جۆرە هێرشە دەبێتە هۆی کەوتنەوەی زیانێکی گیانی گەورە لە نێو هاووڵاتییانی سڤیلدا.

هاوکات سەرکردەی حەماس ئیسماعیل هەنییە لە قاهیرە لەگەڵ نێوەندگرە میسڕییەکاندا کۆبووەوە، ئەوەش لە پێناو تاوتوێکردنی ڕێککەوتنێکدا.

بەرپرسێکی حەماس کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت وتی حەماس هیچ پێشنیارێکی نوێی نەکردووە لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ میسڕییەکاندا و دەیەوێت بزانێت نێوەندگرەکان لە دوای گفتوگۆکانییان لەگەڵ ئیسڕائیلییەکاندا چی لەگەڵ خۆیاندا دەهێننەوە.

ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسەکەی حەماسەوە بڵاویکردەوە " تاوتوێی پێشنیارەکەمان کرد لەگەڵییاندا و چاوەڕێ دەکەین هەتاوەکو ئەوان لە پاریس دەگەڕێنەوە."

درەنگانێکی ڕۆژی پێنجشەممە سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو پلانێکی دوای جەنگی بۆ غەززە پێشکەشی کابینەی جەنگەکەی کرد کە تێیدا ئیسڕائیل لە ڕووی ئاسایشەوە کۆنتڕۆڵی تەواویی کەرتی غەززە دەکات، بەبێ سەرکردایەتی حەماس و بەبێ هیچ فەرمانڕەواییەکی دەسەڵاتی فەلەستینییەکان کە لە کەناری ڕۆژئاوان.

لە پلانەکەی نەتانیاهودا داوا کراوە بە هەماهەنگی لەگەڵ میسڕ و ئەمەریکادا ئیسڕائیل کۆنتڕۆڵی خاڵەکانی هاتنە ناوەوە بۆ غەززە و چوونە دەرەوە لێی بکات لە سنووری میسڕەوە لە باشوورەوە. ڕوون نیە کە ئایا میسڕ پلانەکەی پەسەند کردووە یاخود نا. کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمەریکا لە زاری بەرپرسێکی ئیسڕائیلەوە بڵاویکردەوە میسڕ " لەگەڵ ئەمەریکادایە " سەبارەت بە پلانەکە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی ئەمەریکا ئارەزووی ئەوە دەکات دەسەڵاتی فەلەستینییەکان ڕۆڵێکی لە غەززەدا هەبێت.

دەزگاکانی ڕاگەیاندن ئاماژە بەوە دەدەن نوێنەرانی فەلەستینی پلانەکەیان بینیوە و ڕەتییان کردووەتەوە. چەند بەشێکی پلانەکەش پێچەوانەی دیدی ئەمەریکایە بۆ ناوچەکە، کە چارەسەری دوو دەوڵەتە و دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستینیش لە خۆدەگرێت.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG