سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا پۆڵ ڕایان لە کۆنگرەیەکدا لە ئیماڕات وتی وڵاتەکەی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپادا وتوێژ دەکات سەبارەت بە توندکردنەوەی سزاکانی سەر ئێران بەهۆی بەرنامە موشەکیەکەی و سیاسەتەکانی دەرەوەیەوە.
لە لێدوانێکیدا لە ئەبوزەبی ڕایان وتی ئێران دەیەوێت دەسەڵاتی لە ناوچەکەدا زیاتر بکات لەسەر حسابی هاوپەیمانە سەرەکییەکانی ئەمەریکا لەوانەش ئیماڕات و سعودیە و دەبێت لەڕێی سزاکانەوە ڕێگە لەوە بگیردرێت.
جێی ئاماژەیە بەپێی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ساڵی 2015 ئەمەریکا و زلهێزەکانی جیهان سزاکانیان لەسەر ئێران کەمکردەوە، بەڵام واشنتن سزای نوێی سەپاند بەسەر ئێراندا بەهۆی بەرنامە موشەکییە مەودا فراوانەکەیەوە.
ڕایان وتی یەکێتی ئەوروپا دەبێت وەکو ئەمەریکا بکات و ئاماژەی بەو ماوە کاتیەدا کە 120 ڕۆژە و سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ داویەتی بە کۆنگرێس و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی تاوەکو هەڵوێستیان بەرامبەر ئێران توندبکەنەوە،ئەگەر نا ئەوا هەموو سزاکان بە تەواوەتی دەسەپێنێتەوە بەسەر ئێراندا.
ڕایان وتی " سەیری ئەو پێشێلکارییانە بکەن کە لەڕێی تاقیکردنەوە موشەکییەکانەوە دەیکەن لە ناوچەکەدا، سەیرکەن چی دەکەن لە سوریا، سەیرکەن چی دەکەن لە یەمەن."
وتیشی " دەکرێت شتی زیاتر بکرێت لەڕێی ئابووریەوە. کۆمەڵێک شتمان هەیە کە دەتوانین بەکاری بهێنین لەگەڵ هاوپەیمانەکانماندا. ئەوە گفتوگۆی نێوانمانە سەبارەت بە توندکردنەوەی سزاکان و هەوڵدەدەین باوەڕ بە ئەوروپا بهێنین لەگەڵماندا بەشدار بێت."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز