Accessibility links

دایک و باوکی هێرشبەرێک بۆ قوتابخانەی میشیگن سزای 10 بۆ 15 ساڵ زیندانیکردنییان بەسەردا سەپێندرا


جەیمس کڕەمبڵی و جێنیفەر کڕەمبڵی
جەیمس کڕەمبڵی و جێنیفەر کڕەمبڵی

دایک و باوکی نەوجەوانێک کە تەقەی لە چوار هاوپۆلی خۆی کرد و کوشتنی، هەریەکەیان سزای 10 بۆ 15 ساڵ زیندانیکردنییان بەسەردا سەپێندرا، دوای ئەوەی ڕۆژی سێشەممە دەستەی سوێندخۆرانی دادگایەک تاوانباری کردن بە تاوانی کوشتن، ئەمەش لە دۆسییەیەکی دەگمەندا کە دایک و باوکان بە بەرپرس داندران لە ڕووداوێکی تەقەکردندا لە قوتابخانەیەکدا.

جێنیفەر و جەیمس کڕەمبڵی دایک و باوکی ئیثن، دەستبەجێ دوای لێدوانە هەست بزوێنەکانی دایکان و باوکانی قوربانییەکان لە دادگای شارۆچکەی ئۆکلانددا، سزاکەیان بەسەردا سەپێندرا.

نیکۆل بیوسۆلیلی دایکی مادیسین باڵدوینی تەمەن 17 ساڵ لە دادگاکەدا لە کاتێکدا کە دەگریا وتی " نەک تەنها کوڕەکەتان کچەکەمی کوشت، بەڵکو ئێوەش هەردووکتان کوشتتان."

ئیثن کڕەمبڵی تەمەنی 15 ساڵ بوو کاتێک لە ساڵی 2021 دا لە قوتابخانەی ئامادەیی ئۆکسفۆرددا تەقەی کرد. لە ساڵی 2022 دا دوای چوار تۆمەتی کوشتن و تۆمەتی دیکە، دانی بە تاوانەکەیدانا و لە مانگی دوانزەدا سزای زیندانیکردنی تا هەتایی بەسەردا سەپێندرا.

لە وتەیەکدا لە دادگا پێش ئەوەی سزا بدرێت، جێنیفەر کڕەمبڵی تەمەن 46 ساڵ " خەمباری خۆی دەربڕی " و وتی هەرگیز نەیزانیوە کە کوڕەکەی دەتوانێت خەڵک بکوژێت.

وتی " من و هاوسەرەکەم دەمانوت ئەو باشترین منداڵە. بەڕاستی باوەڕم بەوە کردبوو. هیچ هۆکارێکم نەبوو بەو شێوەیە بیر نەکەمەوە. ئەمە شتێک نیە کە پێشبینیم کردبێت."

وتیشی " هەتا هەتایە لە زیندانی ناوخۆمدا دەبم." چەندین جاریش ناوی قوربانییەکانی هێنا.

هاوسەرەکەشی کە تەمەنی 47 ساڵە لە دادگاکەدا وتی " بە داخەوەم بۆ لە دەستدانەکانتان لە ئەنجامی ئەو کارەی کە کوڕەکەم کرد. دڵگرانم بۆ هەمووتان."

دادوەران لە دادگاییکردنی جێنیفەر و جەیمسیشدا وتییان ئەوان بێباک بوون کاتێک دەمانچەیان وەکو دیاری کریسمس بۆ منداڵەکەیان کڕیوە و نیشانەکانی خراپی باری دەروونی کوڕەکەیان پشتگوێ خستووە و باری دەروونی کوڕەکەیان خراپتر بووە.

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین ڕووداوی تەقەکردن لە قوتابخانەکانی ئەمەریکادا ڕوویداوە، زۆرجار لەلایەن خوێندکارانەوە ئەنجام دراون.

جەیمس کڕەمبڵی وەکو دیاریی کریسمس دەمانچەیەکی 9 ملمی بۆ ئیثن کڕیوە، چوار ڕۆژ پێش تەقەکردنەکە لە 30 ی مانگی یانزەی ساڵی 2021 دا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG