له‌گه‌ڵ ته‌واوی هه‌وڵه‌کانی کۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌یی و هاوکاتی سه‌پاندنی سزای جۆراو جۆر له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان و وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا و یه‌کێتی ئه‌وروپاوه بۆسه‌ر کۆماری ئیسلامی ئێران، به‌ڵام هێشتاش تاران به‌رده‌وامه له‌سه‌ر سیاسه‌ته‌کانی خۆی بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم که ڕۆژئاوا به گومانه له‌وه‌ی ئێران به نهێنی هه‌وڵی دروستکردنی چه‌کی ناو‌کی بدات.
هه‌رچه‌نده تاران به‌رده‌وام نکوڵی ده‌کات و پێداده‌گرێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌رنامه ناوکیه‌که‌ی ته‌نها بۆ مه‌به‌ستی سیڤیلیانه‌یه ، به‌ڵام هه‌تا ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت نه‌یتوانیوه نیگه‌رانی نێونه‌ته‌وه‌یی له‌سه‌ر ئه‌م دۆسێیه هێور بکاته‌وه.
کۆبوونه‌وه‌کان به‌رده‌وامن ، له پاش کۆبوونه‌وه‌که‌ی ئه‌سته‌نبوڵ که به‌شداربووانی کۆبوونه‌وه‌که ئاماژه‌یان به به‌ره‌وپێشچوون ده‌کرد ،. ئێران ژماره‌یه‌ک کۆبوونه‌وه‌ی تری له‌گه‌ڵ ده‌زگای نێونه‌ته‌وه‌یی وزه‌ی ئه‌تۆمیدا کردووه، به‌ر له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌ی بڕیاره ڕۆژی 23 ی ئه‌م مانگه له به‌غدا بکرێت.
سه‌رچاوه‌کانی هه‌واڵ ئاماژه‌یان به‌وه‌کردووه سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی ڕژدی قه‌یرانی ناو‌کی ئێران ده‌گه‌ڕیته‌وه بۆ ساڵی 2002 ، واته ئه‌و کاته‌ی هه‌واڵی نهێنی له‌سه‌ر ئه‌و به‌رنامه ناوکیه مشت و مڕ له‌سه‌ره‌ی ئێران بڵاوبوونه‌وه.
ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران له زۆر کۆبوونه‌وه‌دا جه‌ختیان له وابه‌سته‌یی خۆیان کردۆته‌وه بۆ هه‌موو هاوکارییه‌کی ده‌زگای نێونه‌ته‌وه‌یی وزه‌ی ئه‌تۆمی، به‌ڵام کاتێک هاتۆته سه‌ر جێبه‌جێکردنی ئه‌و وابه‌سته‌ییانه، هه‌میشه کۆماری ئیسلامی ئێران ته‌گه‌ره و گرفتی نوێی بۆ پشکنه‌رانی ی‌و ئێن دروستکردووه.
چاو‌دێر له‌و بڕوایه‌دان ئێران ته‌واوی کۆبوونه‌وه‌کان بۆ سوود وه‌رگرتن له کات به‌کار ده‌هێنێت و ئه‌وه‌شیان نه‌شاردۆته‌وه له‌و وتووێژانه‌دا ئێران سیاسه‌تی شاردنه‌وه و ڕه‌خساندنی ده‌رفه‌تی زۆر بچوک بۆ به‌ده‌ستهێنانی زانیاری ئێجگار که‌م و ناڕۆشنی له هه‌ڵوێست و ڕاگه‌یاندنی جۆرا و جۆری کاربه‌ده‌ستانی وڵاته‌که‌ی به‌کارهێناوه بۆ درێژه‌دان به کارکردن له‌و به‌رنامه ناوکیه مشت و مڕ له‌سه‌ره‌ی هه‌یه‌تی.
کۆبوونه‌وه‌ی داهاتووی ئێران له‌گه‌ڵ هه‌ر پێنج ئه‌ندامه هه‌میشه‌ییه‌که‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش له به‌غدا ده‌بێت و یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراقیش ده‌ڵێت کردنی ئه‌م کۆبوونه‌وه‌یه له به‌غدا سوودێکی زۆری ده‌بێت بۆ وڵاته‌که‌ی.
له‌بید عه‌باوی ، یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق ده‌ڵێت گرنگی کردنی ئه‌م کۆبوونه‌وه‌یه له به‌غدا دانپێدانانی به‌شداربووانی کۆبونه‌وه‌که و وڵاتانی تری جیهانه به‌وه‌ی عێراق له شوێنی تایبه‌تی خۆیدایه‌تی له‌ناو کۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌ییدا و چونکه عێراقیش په‌یوه‌ندی تایبه‌تی له‌گه‌ڵ وڵاتاندا هه‌یه هه‌ر بۆیه‌شه شاری به‌غدا ده‌ستنیشانکراوه بۆ سازادانی ئه‌م کۆبوونه‌وه‌یه و ئه‌مه‌ش وایکردووه ئێستا به‌غدا ببێته جێی سه‌رنجی وڵاتانی جیهان له‌و ڕه‌هه‌نده‌وه که ئه‌م کۆبوونه‌وه هه‌ستیاره‌ی تیادا ده‌کرێت.
به‌ڕێز عه‌باوی نکوڵی له‌و ڕاپۆرته هه‌واڵیانه‌ش ده‌کات که ده‌ڵێن به‌غدا پڕۆژه‌یه‌کی ئاماده‌کردووه بۆ ئه‌م کۆبوونه‌وه‌یه و که‌مکردنه‌وه‌ی جیاوازیه‌کانی نێوان ئێران و ڕۆژئاوا.
یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق ده‌ڵێت عێراق هیچ جۆره نوێنه‌رایه‌تیه‌کی له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا نابێت ته‌نها ئه‌وه‌نده‌یه که میوانداری کۆبوونه‌وه‌که ده‌کات و ئه‌وانه‌ی به‌شداری ده‌که‌ن له کۆبوونه‌وه‌که‌دا ته‌نها ئه‌و وڵاتانه‌ن که په‌یوه‌ندییان به دۆسێی ناو‌کی ئێرانه‌وه هه‌یه و ئه‌وه‌ی عێراق ده‌یکات وه‌ک ( له‌بید عه‌باوی) ده‌ڵێت دابینکردنی ته‌واوی پێداویستیه لۆژیکی و هونه‌ریه‌کانه بۆ کۆبوونه‌که‌وه که ده‌شێت وه‌ک پشتیوانی لێی بڕوانرێت له پێناو سه‌رکه‌وتنی کۆبوونه‌وه‌که‌دا.
به‌ڵام ڕۆژنامه‌وان شاهۆ کرماشانی له‌و بڕوایه‌دایه له په‌راوێزی کۆبوونه‌وه‌که‌دا دیدار و دیمانه‌ی تر ده‌کرێن و له‌وانه‌شه وه‌ک ده‌ڵێت هۆکارێک هه‌بێت که به‌ر له‌م کۆبوونه‌وه‌یه گوێبیستی ڕای جیاواز ده‌بین. ڕۆژنامه‌وان شاهۆ کرماشانی له‌وبڕوایه‌شدا نییه ئه‌م کۆبوونه‌وه‌یه سودێکی ئه‌وتۆی بۆ عێراق هه‌بێت.
له‌گه‌ڵ نزیکبوونه‌وه له هه‌ر کۆبوونه‌وه‌یه‌کی ئێران له‌سه‌ر ئه‌و به‌رنامه ناوکیه‌ی ئێران ،وروژاندنی مه‌سه‌له‌کانی تایبه‌ت به یاریکردن به کات سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌نه‌وه، وه‌ک نوسه‌ر و لێکۆڵه‌ره‌وه سۆران پاڵانی ده‌ڵێت بێگومان وایه چونکه هه‌ر له‌ڕاستیشدا وایه ئێران ئه‌و کۆبونه‌وانه بۆ کات به‌ده‌ستهێنانی زیاتر به‌کار ده‌هێنێت.
سۆران پاڵانی ده‌شڵێت بژاره‌کانی به‌رده‌م ئێران زۆر که‌من و پێویسته ئێران مل بدات بۆ داواکانی کۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌یی ده‌نا هیچ یه‌کێک له به‌ره‌نجامه‌کان له به‌رژه‌وه‌ندی ئێران نابن.
زۆرێک له چاودێران له‌وبڕوایه‌دان ئه‌گه‌ری سه‌پاندنی سزای قورس‌تر و زیاتریش هه‌یه به‌سه‌ر ئێران‌دا ئه‌گه‌ر هاتوو کۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌یی نه‌گه‌یشته ئه‌نجامێکی گونجاو و یه‌کلاییکه‌ره‌وه له‌گه‌ڵ ئێران‌دا، به‌ڵام پرسیار له‌وه‌دایه ئایا ئه‌و سزایانه هێنده کاریگه‌ر ده‌بن ئێران ناچار بکات ده‌ستبه‌رداری به‌رنامه ناوکیه‌که‌ی بێت؟
نوسه‌ر و ڕۆژنامه‌وان شێرکۆ جیهانی ده‌ڵێت هه‌رگیز ڕژیمی ئێران بیر له مه‌ینه‌تیه‌کانی گه‌لانی ئێران ناکاته‌وه به‌هۆی ئه‌و سزایانه‌وه له چ ڕه‌وشێکدا ده‌ژین.
شێرکۆ جیهانی به به‌رنامه‌ی پانۆرامای گووت له‌وبڕوایه‌دایه دوو ڕێگه هه‌ن بۆ ناچارکردنی ئێران تا ده‌ستبه‌رداری به‌رنامه ناوکیه‌که‌ی بێت.
گه‌لێک له چالاکوانان گازه‌نده‌ی ئه‌وه ده‌که‌ن ڕۆژئاوا هێنده‌ی ئه‌وه‌ی بایه‌خ به‌و به‌رنامه ناوکیه‌ی ئێران ده‌دات هێنده لاکردنه‌وه‌یه‌کی ڕژدی له ڕه‌وشی مافی مرۆڤ له ئێران‌دا نه‌کردۆته‌وه، که وه‌ک ده‌ڵێن ئه‌و پێشێلکاریانه‌ی ئێران له مافی مرۆڤدا ده‌یکات هیچی که‌متر نییه له‌و پێشێلکاریانه‌ی به‌رامبه‌ر یاسا نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان ده‌یکات.
ڕۆژنامه‌وان و چالاکوان ڕه‌زا مه‌نوچه‌هری له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕایه‌دا کۆکه.
به‌ڕێز مه‌نوچه‌هری له‌و بڕوایه‌شدایه ئێران پێویستی به‌م جۆره کۆبوونه‌وانه هه‌یه تا هه‌ناسه‌یه‌ک به به‌ر ئابووریه داڕماوه‌که‌یدا بێنێته‌وه و هۆکاری تریش هه‌ن، به‌ڵام ده‌شڵێت ئێران شتیکی ئه‌وتۆی نییه بیداته کۆمه‌لگای نێونه‌ته‌وه‌یی.
دانێل شاپێرۆ ، باڵیۆزی وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا بۆ ئیسرائیل له ڕاگه‌یاندنێکیدا ڕۆژی سێشه‌ممه به ئاماده‌بووانی کۆبوونه‌وه‌یه‌کی ڕێکخراوی ( ئیسرائیل بار ئه‌سۆشیه‌یشن) ی گووتوه ئه‌مریکا له ڕووی له‌شکرییه‌وه ئاماده‌یه بۆ هێرشکردنه سه‌ر ئێران تا نه‌بێته خاوه‌نی چه‌کی ناو‌کی ئه‌گه‌ر هاتوو هه‌وڵه دیپلۆماسیه‌کان شکستیان هێنا.
ده‌توانن له ڕێی کلیککردنی ئه‌و فایله ده‌نگیانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی ده‌سته چه‌پ گوێبیستی ته‌واوی به‌رنامه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ی پانۆراما بن که ماوه‌که‌ی 12:24 خوله‌که.