Accessibility links

تاڵیبان دەڵێت گەمارۆی پەنجشیرییان داوە


چەکدارانی پەنجشیر
چەکدارانی پەنجشیر

سەرکردەیەکی باڵای تاڵیبان وتی گەمارۆی هەرێمی پەنجشیریان داوە کە تەنها هەرێمە لە ئەفغانستان لەژێر کۆنتڕۆڵی تاڵیباندا نیە، هەروەها داوای لە چەکدارانی پەنجشیر کرد لەگەڵ تاڵیباندا گفتوگۆ لەسەر ڕێکەوتنێک بکەن.

لەدوای ئەوەی لە 15 ی مانگی هەشتدا کابوڵ کەوتەوە ژێر دەسەڵاتی تاڵیبان، پەنجشیری شاخاوی تەنها هەرێمە کە بەڕووی تاڵیباندا وەستاوەتەوە، سەرەڕای ئەوەی لە هەرێمی باگلانی دراوسێی پەنجشیر شەڕ و پێکدادان هەبووە لەنێوان تاڵیبان و هێزە چەکدارییەکانی هەرێمەکەدا.

لەژێر سەرکردایەتی ئەحمەد مەسعودی کوڕی فەرماندەی پێشووی موجاهیدین، چەند هەزار چەکدارێکی ناوخۆ و سەربازانی سوپای پێشووی ئەفغانستان بەڕووی تاڵیباندا وەستاونەتەوە.

لە تۆمارێکی دەنگیدا کە ئاڕاستەی ئەفغانیەکانی پەنجشیر کراوە، سەرکردەیەکی باڵای تاڵیبان ئەمیر خان موتەقی داوای لە چەکدارانی پەنجشیر کرد چەکەکانیان دابنێن.

وتی " ئیماڕاتی ئیسلامی ئەفغانستان نیشتیمانی سەرجەم ئەفغانیەکانە."

جێی ئاماژەیە تاڵیبان لە بەیاننامەکانی پێشوویاندا لێخۆشبوونیان بۆ سەرجەم ئەو ئەفغانیانە ڕاگەیاند کە پێشتر کارییان لەگەڵ هێزە بیانیەکاندا کردووە، بەڵام خەڵکی ئەفغانستان هێشتا لە سەرکوتکارییەکانی تاڵیبان دەترسن و دوای ئەوەی فڕۆکەخانەی کابوڵ کەوتەوە ژێر دەسەڵاتی تاڵیبان، لە هەوڵیاندا بۆ چوونە دەرەوە لە وڵاتەکە بەرەو سنوورەکان هەڵهاتن.

موتەقی وتی " تاڵیبان هەوڵێکی زۆریداوە گفتوگۆ لەگەڵ ڕابەرانی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن بکات لە پەنجشیر، بەڵام بەداخەوە، بەداخەوە هەوڵەکان هیچ ئەنجامێکیان نەبووە."

موتەقی وتی هێزەکانی تاڵیبان لە چوار قۆڵەوە گەمارۆی پەنجشیرییان داوە و هیچ هۆکارێک نیە بۆ شەڕکردن، وتیشی هێزە چەکدارییەکانی دژ بە تاڵیبان دەبێت ئەوەیان لەبیر بێت تەنانەت بە یارمەتی ناتۆ و هێزەکانی ئەمەریکاش نەتوانراوە شکست بە تاڵیبان بهێندرێت.

وتیشی " بەڵام ئێمە هێشتا هەوڵدەدەین دڵنیا ببینەوە لەوەی هیچ شەڕێک نیە و کێشەکەی پەنجشیر بە هێمنی و ئاشتیانە چارەسەر دەکرێت."

ئەم لێدوانەی تاڵیبان دوای ئەوە هات دوو سەرکردەی هێزەکانی پەنجشیر وتیان لە کاتێکدا چەکدارانی تاڵیبان هەوڵیانداوە پێشڕەوی بکەن، لانی کەم حەوت چەکداری تاڵیبان کوژراون.

گروپی فریاکەوتن و یارمەتی ئیتاڵی وتی چوار کوژراو و پێنج بریندار هێندراونەتە نەخۆشخانەکەیانەوە لە کابوڵ، ئەوەش بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانی دەوروبەری گوڵبەهار و دەروازەی پەنجشیرەوە بووە.

هێزەکانی پەنجشیر دەڵێن دوو ڕۆژ لەمەوبەر چەکدارانی تاڵیبان هێرشیان کردووە و لە سێ چوار قۆڵی جیاوازەوە جموجۆڵیان هەبووە، بەڵام بەرپەرچدراونەتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG