وەرزشەوانانی فەلەستینی دەڵێن تەنها بوونییان لە یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی پاریسدا سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ تیمەکە لە نێوەندی ململانێکاندا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەمەش کەمتر لە هەفتەیەک پێش دەستپێکردنی ئۆڵۆمپیاد.
تیمی فەلەستینییەکان بۆ یارییەکانی ئۆڵۆمپیاد کە ڕۆژی هەینی دەستپێدەکات پێکهاتووە لە شەش وەرزشەوان کە لە یارییەکانی بۆکسێن و جودۆ و تایکواندۆ و تەقەکردن و مەلەکردندا کێبڕکێ دەکەن، هیوایەکی کەمیش هەیە بۆ بردنەوەی مەدالیایەک. یازان ئەل بەوابی مەلەوان بە ڕۆیتەرزی وت " مەدالیا ببەینەوە یان نا، ئێمە هەر بردوومانەتەوە."
وتی " ئەو ڕاستییەی کە ئێمە ئێستا لێرەین، ئەو ڕاستییەی کە خەڵکەکە نایانەوێت ئێمە لێرە بین، نایانەوێت یاری وەرزشی بکەین. نایانەوێت هەر بوونیشمان هەبێت."
وتی " خەڵک نایەوێت فەلەستینییەکان بژین. سەیری ئاڵاکەمان دەکەن و نایانەوێت. لەبەرئەوە لێرە بوونمان سەرکەوتنێکە."
بەپێی بەرپرسانی ئیسڕائیلی، لە هێرشەکەی چەکدارانی حەماسدا لە 7 ی مانگی 10 دا بۆ سەر ئیسڕائیل نزیکەی 1200 کەس کوژران و زیاتر لە 250 کەسی دیکە بە بارمتە گیران.
ئیسڕائیل لە وەڵامی ئەو هێرشەدا هەڵمەتێکی سەربازیی لە غەززە دەستپێکرد و بەرپرسانی تەندروستی فەلەستینییەکان دەڵێن هەڵمەتەکە بووەتە هۆی کوژرانی نزیکەی 39,000 فەلەستینی. ئیسڕائیل دەڵێت 326 سەربازی لە غەززە کوژراون.
پێش دەستپێکردنی یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی پاریس، وڵاتانی عەرەبی پشتگیری خۆیان بۆ وەرزشەوانانی فەلەستینی دەربڕیوە، لەوانەش کوەیت و قەتەڕ و میسڕ و لیبیا، ڕێگەیان داون ڕاهێنان لە وڵاتەکانییاندا بکەن.
بەرپرسانی وەرزشی فەلەستینی وتوویانە لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە لە مانگی 10 ی ساڵی 2023 دا لە غەززە، زیاتر لە 300 وەرزشەوان و دادوەر و بەرپرسی وەرزشی کوژراون و سەرجەم ناوەندەکانی وەرزشکردن لە غەززە لە ناوچوون.
ڤالێری تەرازی مەلەوان وتی " پێشتر وتوومە بەڵام من یەکێکم لە بە شانسترین کەس لە جیهاندا. دەرفەتێکم هەیە کێبڕکێ بکەم بۆ وڵاتەکەم، ئاڵای وڵاتەکەم بەرز بکەمەوە."
وتی " دڵم لەگەڵ ئەواندایە. هەر جارێک کە مەلە دەکەم، هەر جارێک خۆم هەڵدەدەمە ئاوەکەوە، بیر لە خەڵکی فەلەستین دەکەمەوە، بیر لە خەباتەکەیان دەکەمەوە. لەبەرئەوە دەمەوێت بە باشترین شێوە نوێنەرایەتییان بکەم."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز