Accessibility links

عمران خانی زیندانیکراو لە پاکستان هەوڵی بە دەستهێنانی پۆستی سەرۆکایەتی زانکۆی ئۆکسفۆرد دەدات


زانکۆی ئۆکسفۆرد
زانکۆی ئۆکسفۆرد

یاریدەدەرێکی نزیکی سەرۆک وەزیری پێشووی پاکستان عمران خانی زیندانیکراو ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند خان بە فەڕمی داوای کردووە خۆی کاندید بکات بۆ پۆستی سەرۆکایەتی زانکۆی ئۆکسفۆرد.

خان لە ساڵی 2018 ەوە تاوەکو مانگی چواری ساڵی 2022 سەرۆک وەزیری پاکستان بوو، بەڵام لە دەنگدانێکی پەرلەمانی وڵاتەکەدا متمانەی لێسەندرایەوە، خان بانگەشەی ئەوەی کردووە کە دوورخستنەوەکەی پلانی دەسەڵاتە سەربازییە بەهێزەکەی وڵاتەکە بووە.

سەعید زولفیقار بوخاری لە ئێکس ڕایگەیاند " بەپێی ڕێنماییەکانی عمران خان، فۆڕمی داواکردنەکەی بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی زانکۆی ئۆکسفۆرد نێردراوە."

وتی " بە پەرۆشەوەیەن بۆ پشتگیری هەر کەسێک لەم هەڵمەتە مێژووییە."

خان کە هێشتا بە ناوبانگترین سیاسەتمەداری پاکستانە، لە مانگی هەشتی ساڵی ڕابردووەوە لە زینداندایە دوای ئەوەی ڕووبەڕووی چەندین تۆمەت و سکاڵای یاسایی بووەوە، لەوانەش تۆمەتی گەندەڵی و هاندان بۆ خۆپیشاندانە توندوتیژەکانی دژ بە سوپا. خان ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکات و دەڵێت بنەمایان نیە و بانگەشەی ئەوە دەکات سوپا لە پشت ئەو تۆمەتانەوەیە.

خانی تەمەن 71 ساڵ دەرچووی زانکۆی ئۆکسفۆردە لە ساڵی 1975 دا، فەلسەفە و سیاسەت و ئابووری خوێندووە. سەرۆک وەزیرەکانی پێشووی بەڕیتانیا، تۆنی بلێر و بۆریس جۆنسنیش، لە نێو کاندیدەکانی سەرۆکایەتی ئۆکسفۆرددان.

ئەندامانی کۆنگرەی زانکۆ، کە سەرجەم خوێندکارەکانی پێشوو لە خۆدەگرێت کە بڕوانامەیان وەرگرتووە، بەرپرسن لە هەڵبژاردنی سەرۆک بۆ زانکۆی ئۆکسفۆرد. هەر کەسێک هەوڵی بە دەستهێنانی ئەو پۆستە بدات دەبێت لانیکەم لەلایەن دوو ئەندامی کۆنگرەکەوە پەسەند بکرێت تاوەکو وەکو شایستە سەیر بکرێت.

ماڵپەڕی زانکۆی ئۆکسفۆرد ئاماژەی بەوە داوە کە کۆنگرە داوای لێدەکرێت لە ڕێی دەنگدانێکی بێپێشینەی ئۆنلاینەوە سەرۆکێکی نوێ بۆ زانکۆکە هەڵبژێرێت.

سەرۆکە نوێیەکە بۆ ماوەی 10 ساڵ لەو پۆستەدا دەبێت. زۆرجار سەرۆکایەتی دەدرێت بە دەرچووانی زانکۆکە و سیاسەتمەدارانیش.

مانگی ڕابردوو نەتەوە یەکگرتووەکان زیندانیکردنی خانی بە کارێکی زۆرەملێ ناوبرد و وتی هیچ بنەمایەکی یاسایی نیە بۆ ئەوەی لە زینداندا بهێڵدرێتەوە.

خان لە ساڵی 2005 ەوە بۆ ساڵی 2014 سەرۆکایەتی زانکۆی برادفۆردی کردووە.

سوپای پاکستان و سەرۆک وەزیرەکانی دوای خان ڕەتییان کردووەتەوە کە پلانییان داڕشتبێت بۆ دوورخستنەوەی لەسەر دەسەڵات، یان دەستییان هەبووبێت لەو تۆمەتە یاساییانەی کە ئاڕاستەی کراون.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG