پیاوێکی پاکستانی کە گوایە پەیوەندی بە ئێرانەوە هەیە، بڕیارە ڕۆژی دووشەممە لە ئەمەریکا دادگایی بکرێت بە تۆمەتی پلانگێڕان بۆ کوشتنی سیاسییەکی ئەمەریکایی وەکو تۆڵەیەک لەسەر کوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران.
داواکارانی فیدڕاڵ لە بڕۆکلین دەڵێن ئاسیف مێرچانتی تەمەن 46 ساڵ ماوەیەک لە ئێران بووە پێش ئەوەی گەشت بکات بۆ ئەمەریکا و خەڵک بەکرێ بگرێت بۆ پلانگێڕییەکەی.
داواکاران وتییان مێرچانت بە زانیاریدەرێکی نهێنی وتووە کە پلانیشی داناوە بەڵگەنامەکانی ئامانجێکی بدزێت و خۆپیشاندان لە ئەمەریکا ڕێکبخات.
بەپێی کەسێکی نزیک لە بابەتەکەوە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ئەو سیاسییەی کە پلانی کوشتنی بۆ داڕشتووە، ئەگەری هەیە دانۆڵد ترامپ بووبێت.
نوسراوەکانی دادگا ئاماژەیان بە ناوی ئامانجەکان نەداوە، هیچ هێرشێکیش ئەنجام نەدراوە. لە ساڵی 2020 دا ترامپ وەکو سەرۆکی ئەمەریکا فەرمانی بە هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە کرد بۆ کوشتنی قاسم سولەیمانی.
هیچ ئاماژەیەک نیە لەسەر ئەوەی مێرچانت پەیوەندی هەبووبێت بە هەوڵەکەی ڕۆژی یەکشەممەوە بۆ کوشتنی ترامپ لە یاریگای گۆڵفەکەیدا لە فلۆریدا، یاخود تەقەکردن لە ترامپ لە مانگی حەوتدا لە پێنسلڤانیا کە تێیدا گوێی بریندار بوو.
مێرچانت بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی کاری تیرۆریستی لە ئەمەریکا و بەکرێگرتن بۆ کوشتن تۆمەتبار کراوە.
مێرچانت لە 15 ی مانگی حەوتدا لە تێکساس دەستگیرکرا.
نێردەی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی هەشتدا وتی " شێوازی کارکردنی " مێرچانت کە لە نوسراوەکانی دادگادا ئاماژەی پێدراوە پێچەوانەی سیاسەتی ئێرانە بۆ " سزادانی کوشتنی جەنەڕاڵ سولەیمانی بە شێوەیەکی یاسایی."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز