Accessibility links

پاکستان دەڵێت هێرشەکان لەودیوی ئەفغانستانەوە بۆ سەر وڵاتەکە زیاتر بووە


پاکستان دەڵێت هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئاسایشی وڵاتەکە لەودیوی ئەفغانستانەوە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادییان کردووە، هەروەها داوای لە بەرپرسانی تاڵیبان کرد دژی چەکدارەکان بجوڵێن، ئەمەش ڕۆژێک دوای هێرشە ئاسمانییەکانی پاکستان بۆ سەر ئەفغانستان.

هێرشەکان بوونەتە هۆی دروستبوونی گرژی لەنێوان دوو وڵاتەکەدا.

ڕۆژی شەممە بەرپرسانی تاڵیبان بەمەبەستی ناڕەزایی دەربڕین دژی هێرشە ئاسمانییەکان بانگهێشتی باڵیۆزی پاکستانیان کرد لە کابوڵ. بەرپرسێکی تاڵیبان و دانیشتوانی ناوچەکە وتیان هێرشەکان لەڕێی فڕۆکەیەکی پاکستانییەوە ئەنجامدراون لە ئاسمانی ئەفغانستاندا.

ئۆفیسی دەرەوەی پاکستان لە بەیاننامەیەکدا وتی " لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕووداوەکان لەسەر سنووری پاکستان – ئەفغانستان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادییان کردووە، هێزەکانی ئاسایشی پاکستان لەودیوی ئەفغانستانەوە دەکرێنە ئامانج."

وتیشی هێرشەکان " بە پاراستنەوە " ئەنجامدراون و ئیسلامئابادیش چەند جارێک داوای لە بەرپرسانی ئەفغانستان کردووە تاوەکو بجوڵێن و ئەو هێرشانە ڕابگرن، بەڵام هیچ کارێک نەکراوە.

وتی ڕۆژی پێنجشەممە حەوت سەربازی پاکستان لە ناوچەی سنووری نۆرث وەزیرستان کوژراون. نۆرث وەزیرستان سنووری بە هەرێمی خۆستی ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستانەوە هەیە، دەوترێت هێرشە ئاسمانییەکانی ڕۆژی هەینی لەو ناوچەیەدا ئەنجام دراون.

بەرپرسانی تاڵیبان دەڵێن هێرشەکانیان لە ئەفغانستانەوە بۆ سەر پاکستان کۆنتڕۆڵ کردووە.

ئۆفیسی دەرەوەی پاکستان هێرشە ئاسمانییەکانی پشتڕاست نەکردەوە و باسیشی لەوە نەکرد کە هێرشە ئاسمانییەکان لەڕێی فڕۆکەوە ئەنجام درابێتن یاخود نا.

باڵیۆزخانەی پاکستان لە کابوڵ ڕەتی کردەوە هێرشی ئاسمانییان ئەنجام دابێت.

ڕێکخراوی ئەرکی یارمەتییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە ڕووداوەکە و وتی " ڕێکخراوەکە نیگەرانە سەبارەت هەواڵی کوژرانی هاوڵاتیانی مەدەنی و منداڵ و ئافرەتان بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانەوە لە هەرێمەکانی خۆست و کونار."

تاوەکو ئێستا نەزاندراوە بەدیاریکراوی چەند کەس بوونەتە قوربانی لە هێرشە ئاسمانییەکاندا. بەرپرسێکی ناوخۆی تاڵیبان لە خۆست وتی لانی کەم 36 کەس بە هاوڵاتیانی مەدەنیشەوە کوژراون.

وتەبێژی حکومەتەکەی تاڵیبان بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد وتی " ئەگەر دووبارە ببێتەوە ئەوا دەرەنجامی خراپی لێدەکەوێتەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG