Accessibility links

پاکستان دەڵێت لە ماوەی سێ ڕۆژی شەڕ و پێکدادانەکاندا 20 چەکدارییان کوشتووە


سوپای پاکستان دەڵێت لەمیانەی هێرشەکانی ئەمدواییانەی چەکدارە یاخیبووەکاندا بۆ سەر دوو بنکەی سەربازیی پاکستان لە باشووری ڕۆژئاوای هەرێمی بلوچستان، بیست چەکدار و نۆ سەرباز کوژراون.

هێرشەکان کە گەورەترین هێرش بوون لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، لەلایەن یاخیبووانی نەژادی بلوچەکانەوە ئەنجامدران و شەوی چوارشەممە دەستیان پێکرد.

دەزگایەکی ڕاگەیاندنی سەر بە باڵی سەربازیی پاکستان لە بەیاننامەیەکدا وتی " لەمیانەی ئەرکەکانی پانجگور و ناوسکیدا 20 چەکدار کوژراون. ئەمڕۆ هێزەکانی ئاسایش ئەرکی پاککردنەوەی ناوچەکەیان تەواوکرد."

سوپای ئازادی بلوچ کە لە ماوەی ڕابردوودا بەرپرسیارێتی هێرشەکانی ڕاگەیاند، لەلای خۆیەوە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و وتی " سەرجەم ئامانجەکانمان پێکاوە." وتیشی 16 شەڕکەر لە هێرشەکاندا خۆیان کردە قوربانی.

ماوەی چەند دەیەیەکە چەکدارانی نەژادی بلوچ دژی حکومەتی پاکستان دەجەنگن، داوای وڵاتێکی سەربەخۆ دەکەن و دەڵێن حکومەتی ناوەند بەشێوەیەکی نادادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ بلوچستاندا دەکات کە دەوڵەمەندە بە گاز و کانزا سروشتیەکان.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG