Accessibility links

سوپای پاکستان: لە هێرشێکدا 4 سەربازی پاکستان و دوو چەکدار کوژراون


سوپای پاکستان وتی هێزەکانی ئاسایشی وڵاتە لە هێرشێکدا هەڵیانکوتاوەتە سەر کۆمەڵێک حەشارگە لەنزیک شوێنێکی پێشووتری تاڵیبان لەنزیک ئەفغانستان، شەڕ و پێکدادان ڕوویداوە و چوار سەرباز و دوو چەکدار کوژراون.

سوپا لە بەیاننامەیەکدا وتی یەکەم هێرش لە ناوچەی تانکی باکووری ڕۆژئاوای وڵاتەکە ئەنجامدراوە، بەهۆیەوە دوو چەکدار کوژراون.

هێرشەکەی دیکە لە باکووری ناوچەی وەزیریستان ئەنجامدراوە، لە هێرشەکەدا چەکدارێک دەستگیرکراوە، بەڵام دواتر چوار سەرباز لە شەڕەکەدا کوژراون. سوپا وتی هێزەکانیان لە هەردوو هێرشەکەدا دەستیان بەسەر کۆمەڵێک چەکدا گرتووە.

سوپای پاکستان هیچ وردەکارییەکی دیکەی نەدا سەبارەت بەو سەربازانەی کوژراون و ئەو چەکدارانەشی کە دەستگیرکراون.

بۆ ماوەی چەند دەیەیەک باکووری وەزیریستان شوێنی چەکداران بوو. دوای ئەوەی لە ساڵی 2014 دا لە شاری پێشاوار هێرش کرایە سەر خوێندنگایەک، سوپای پاکستان هێرشێکی بەرفراوانی لە ناوچەکەدا ئەنجامدا.

لەو هێرشەدا کە تاڵیبانی پاکستان بەرپرسیارێتیەکەی ڕاگەیاند، 147 کەس گیانیان لەدەستدا، زۆرینەی قوربانییەکان منداڵ بوون.

دوایین توندوتیژییەکان لە باکووری ڕۆژئاوای پاکستان ڕۆژێک دوای ئەوە دێت بۆمبێکی چێندراو لە شاری کوێتای باشووری ڕۆژئاوای پاکستان لەبەردەم کۆلێژێکدا تەقییەوە و بەهۆیەوە شەش کەس گیانیان لەدەستدا و 13 کەسی دیکە برینداربوون.

سەرچاوە/ ئەسۆشیەتد پرێس

XS
SM
MD
LG